Accessibility links

کۆریای باکوور سێ موشەکی باڵیستیکی هەڵدەدات


سوپای کۆریای باشوور دەڵێت کۆریای باکوور سێ موشەکی باڵیستیکی بە ئاڕاستەی ڕۆژهەڵاتی دەریایی نیمچە دوورگەی کۆریا هەڵداوە.

هەڵدانی موشەکەکان نوێترین تاقیکردنەوە موشەکییەکانی کۆریای باکوورن کە لەم ساڵدا ژمارەیەکی بێپێشینە موشەکی تاقیکردۆتەوە، لە کاتێکیشدایە کە پیۆنگیانگ بەردەوامە لەسەر پەرەپێدان بە چەکەکانی.

سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای کۆریای باشوور وتی سێ موشەکە باڵیستیکییە مەودا کورتەکە لە ناوچەی هوانگای باکوورەوە هەڵدراون کە دەکەوێتە باشووری پیۆنگیانگی پایتەختەوە.

وەزارەتی بەرگری ژاپۆن وتی سێ موشەکەکە لە بەرزایی 100 کم فڕیون و مەودای 350 کیلۆمەترییان بڕیوە. سوپای کۆریای باشووریش وتی موشەکەکان مەودای نزیکەی 350 کیلۆمەترییان بڕیوە.

سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای کۆریای باشوور وتی " هەڵدانی موشەکەکانی کۆریای باکوور کارێکی وروژێنەرانەی مەترسیدارە کە ئاشتی و سەقامگیری نیمچە دوورگەی کۆریا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەخاتە مەترسییەوە." هەروەها سەرکۆنەی کرد و وتی پێشێلکردنێکی ئاشکرای بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکانە و داوای کرد دەستبەجێ ئەو کارانە ڕابگرێت.

سەرکردایەتی ئیندۆ پاسێفیکی ئەمەریکا وتی موشەکەکان مەترسییەکی دەستبەجێیان لەسەر سەربازانی ئەمەریکا و ناوچەکە و هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا نەبووە، بەڵام تیشک دەخەنە سەر کاریگەرییە تێکدەرانەکەی بەرنامەکانی چەکی کۆریای باکوور.

هەڵدانی موشەکەکان ڕۆژێک دوای ئەوە دێت وەزارەتی بەرگری کۆریای باشوور ڕایگەیاند سەرکەوتووانە ڕۆکێتێکی بۆ بۆشایی ئاسمان هەڵداوە.

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی کۆریای باکوور چوونە ناو ئاسمانی کۆریای باشوورەوە و سوپای باشووریش ناچار بوو فڕۆکەی شەڕکەر و کۆپتەری هێرشبەر ڕەوانە بکات تاوەکو هەوڵ بدەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بخەنە خوارەوە.

لەو کاتەوەی حکومەتە پارێزگارەکەی کۆریای باشوور یوون سوک یول لە مانگی پێنجدا دەستبەکاربوو، پەیوەندییەکانی نێوان کۆریای باکوور و کۆریای باشوور گرژی زیاترییان تێکەوتووە، حکومەتەکەی یوون بەڵێنیداوە هەڵوێستێکی توندتری هەبێت بەرامبەر باکوور.

دەزگای هەواڵی یۆنهاپی کۆریای باشوور وتی تاوەکو ئێستا بەبێ موشەکەکانی ڕۆژی شەممە، کۆریای باکوور نزیکەی 70 موشەکی باڵیستیکی لەم ساڵدا هەڵداوە، هەشت موشەکی باڵیستیکی کیشوەربڕیشییان تێدا بووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG