Accessibility links

کیم جۆنگ ئون ئامانجی نوێی سەربازیی کۆریای باکوور ئاشکرا دەکات


ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون
ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون

دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون لە میانەی کۆبوونەوەیەکی پارتی فەرمانڕەوای کرێکارانی وڵاتەکەدا ئامانجی نوێی سەربازیی وڵاتەکەی ئاشکرا کرد.

دەزگاکە وتی لە دووەمین ڕۆژی کۆبوونەوەکەدا، کیم پێداچوونەوەی بە " ئاستەنگی ڕەوشە نوێیە دروستکراوەکەدا " کرد لەسەر نیمچە دوورگەی کۆریا.

وتیشی کیم جۆنگ ئون ئاڕاستەی وڵاتەکەی دیاریکردووە بۆ " خەباتی دژ بە دوژمن " و ئامانجەکان بۆ پتەوکردنی هێزی بەرگری وڵاتەکە.

دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور وتی کیم جۆنگ ئون " بنەماکانی کاروباری دەرەوە و ئاڕاستەی خەباتی دژ بە دوژمنی دیاریکرد کە پێویستە پارتەکەمان و حکومەتەکەمان بە باشی پابەندی بن بۆ پاراستنی مافی سەرەوەری و بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکان."

وتیشی " دەبێت لە ساڵی 2023 دا هەوڵی ئامانجی سەرەکی نوێ بدرێت بۆ پتەوکردنی تواناکانی بەرگریکردن، کە وەکو ئامادەکارییەک بۆ گۆڕانی جۆراوجۆر لە دۆخی سیاسیدا خراونەتەڕوو."

دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور وردەکاری ئامانجەکانی نەخستەڕوو، بەڵام لێدوانەکانی کیم ڕەنگە ئەوە بگەیەنێت کە کۆریای باکووری پەراوێزخراو بەردەوام بێت لە پتەوکردنی سوپاکەی.

لەم ساڵدا کۆریای باکوور ژمارەیەکی بێپێشینە موشەکی هەڵداوە، زۆربەی تاقیکردنەوەکانیش بۆ " پەرەدان بووە بە چەکە ستراتیژییەکان "، ئەوەش لە چوارچێوەی پلانێکی پێنج ساڵیدا کە لە سەرەتای ساڵی 2021 دا لە کۆنگرێسی پارتی کرێکاراندا خرایەڕوو.

لیستەکە بریتییە لە چەکی ئەتۆمی تەکتیکی، موشەکێکی نوێی باڵیستیکی کیشوەربڕ، موشەکی دەنگبڕ کە لە توانایدا هەبێت کڵاوەی ئەتۆمی هەڵبگرێت، ژێرئاوگەڕێک کە بە وزەی ئەتۆم کار بکات لەگەڵ مانگێکی دەستکرد بۆ چاودێریکردن.

دەزگاکە وتیشی کیم لە میانەی کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بە " لاوازی وڵاتەکە داوە لە کۆمەڵێک بواردا " لەم ساڵدا، لەوانەش زانست و خوێندن و تەندروستی، هەروەها پێشنیاری چەند ڕێگەیەکی کردووە بۆ زاڵبوون بەسەریاندا و ئەرکەکانی بۆ ساڵی داهاتوو زیاتر کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG