Accessibility links

کۆریای باشوور دەڵێت فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی کۆریای باکوور هاتوونەتە سنووری هاوبەشییانەوە و تەقەیان لێکراوە


کۆریای باشوور دەڵێت کۆریای باکوور چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بەسەر سنووری هاوبەشی دوو وڵاتەکەدا بردووە و ئەوەش سوپای کۆریای باشووری ناچار کردووە فڕۆکە جەنگییەکانی ڕەوانە بکات بۆ خستنە خوارەوەیان، دەزگایەکی ڕاگەیاندنی ناوخۆش دەڵێت دواتر یەکێک لەو فڕۆکانە کەوتۆتە خوارەوە.

دوای چەند ساڵێکی زۆر ئەمە یەکەمین جارە کۆریای باکوور فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئاڕاستەی سنووری کۆریای باشوور بکات، هەروەها لە کاتێکیشدایە کە پیۆنگیانگ لەم ساڵدا ژمارەیەکی زۆر موشەکی باڵیستیکی تاقیکردۆتەوە.

سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای کۆریای باشوور وتی سوپای وڵاتەکە سەرەتا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی گوماناوی کۆریای باکووری لە دەرەوەی سنووری ئاسمانی گیمپۆ بینیوە و " دەستبەجێ وەڵامی داوەتەوە."

بەرپرسێکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای کۆریای باشوور بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەمە کارێکی وروژێنەرانەی ئاشکرایە کە تیایدا کۆریای باکوور ئاسمانمانی بەزاند."

دەستدرێژییەکەی کۆریای باکوور سیئۆلی ناچار کرد تەقەی ئاگادار کردنەوە بکات و فڕۆکەی شەڕکەر و کۆپتەری هێرشکردن ڕەوانە بکات بۆ خستنە خوارەوەی پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، یەکێک لەو فڕۆکانە گەیشتۆتە نزیک ئاسمانی سیئۆلی پایتەخت.

دەزگای هەواڵی یۆنهاپی کۆریای باشوور وتی یەکێک لە فڕۆکە جەنگییەکان کەی ئەی – 1 ی فڕۆکەی هێرشبەر، دواتر لە شارۆچکەی هیۆنگسیۆنگ کەوتۆتە خوارەوە.

سوپای کۆریای باشوور ئاماژەی بەوە نەدا کە ئایا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی خستۆتە خوارەوە یاخود گەڕاوەتەوە بۆ ئەودیوی سنوورەکە بۆ کۆریای باکوور.

سوپای کۆریای باشوور فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی خۆی نارد بۆ ناوچەکانی نزیک سنووری نێوان دوو وڵاتەکە، ئەوەش بە مەبەستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی هاوشێوە.

بەرپرسەکە وتی " ئەرک و چالاکییەکی دیدەوانیمان ئەنجامدا، لەوانەش گرتنی وێنەی دامەزراوە گەورە سەربازییەکانی دوژمن."

وتیشی " سوپاکەمان بەردەوام دەبێت لە وەڵامدانەوەی ئەم کارە وروژێنەرانەی کۆریای باکوور بە چڕی و بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG