Accessibility links

سەرۆکی کۆریای باشوور داوای پێکهێنانی یەکەیەکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکات بۆ چاودێریکردنی کۆریای باکوور


سەرۆکی کۆریای باشوور یوون سوک یول
سەرۆکی کۆریای باشوور یوون سوک یول

سەرۆکی کۆریای باشوور یوون سوک یول دەڵێت پێکهێنانی یەکەیەکی سەربازیی تایبەت بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بەرەوپێشەوە دەبات، هاوکات ڕەخنەی لە سوپای وڵاتەکە گرت لەسەر چۆنێتی وەڵامدانەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی کۆریای باکوور کە لە ماوەی ڕابردوودا ئاسمانی کۆریای باشوورییان بەزاند.

ڕۆژی دووشەممە پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کۆریای باکوور هاتنە ئاسمانی کۆریای باشوورەوە، ئەوەش سیئۆلی ناچار کرد فڕۆکەی شەڕکەر و کۆپتەری هێرشبەر ڕەوانە بکات تاوەکو بیانخاتە خوارەوە.

ڕووداوەکە جارێکی دیکە گومانی دروست کرد لەسەر بەرگرییە ئاسمانییەکانی کۆریای باشوور لە کاتێکدا کە هەوڵ دەدات کۆنتڕۆڵی زیادبوونی هەڕەشە ئەتۆمی و موشەکییەکانی کۆریای باکوور بکات.

سوپای کۆریای باشوور تەقەی ئاگادارکردنەوەی کرد و کۆپتەرەکەش نزیکەی 100 فیشەکی تەقاند، بەڵام نەیانتوانی هیچ کام لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی کۆریای باکوور بخەنە خوارەوە کە بۆ ماوەی پێنج کاتژمێر بەسەر ئاسمانەکانی چەند شارێکی کۆریای باشووردا فڕین، بە سیئۆلی پایتەختیشەوە.

یوون لە کۆبوونەوەیەکی کابینەکەیدا وتی " ڕووداوەکە نەبوونی ئامادەیی سەربازی و مەشقی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دەرخست، بە ئاشکراش پشتڕاستی کردەوە کە پێویستمان بە مەشق و ئامادەییەکی زیاترە."

یوون بەرپرسیارێتی نائامادەیی سوپای وڵاتەکەی خستە سەر ئەستۆی سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە و " سیاسەتە مەترسیدارەکەی " بەرامبەر کۆریای باکوور، کە زیاتر پشتی بە " نیازە باشەکانی " کۆریای باکوور دەبەست و ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2018 ی نێوان دوو کۆریاکەش کە چالاکییە توندوتیژییەکانی لە ناوچە سنوورییەکان قەدەغە کرد.

یوون وتی " پلانمان داناوە بۆ پێکهێنانی یەکەیەکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ چاودێریکردنی دامەزراوە گەورە سەربازییەکانی کۆریای باکوور، ئێستاش بە زووترین کات پلانەکە خێراتر دەکەین." هەروەها بەڵێنیدا توانا دیدەوانی و چاودێرییەکانی سوپای وڵاتەکە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتوو زیاتر بکات.

سوپای کۆریای باشوور داوای لێبووردنی کرد لەسەر ئەوەی نەیتوانیوە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بخاتە خوارەوە و وتی زۆر بچووک بوون و قورس بووە بەرپەرچ بدرێنەوە، نزیکەی 3 مەتر بوون.

سوپا وتیشی نەیتوانیوە بە شێوەیەکی توند هێرشییان بکاتە سەر و نیگەران بووە سەبارەت بە پارێزراوی هاوڵاتیانی مەدەنی، بەڵێنیشیدا تواناکانی دژ بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان پتەوتر بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG