Accessibility links

کۆریای باشوور: کۆریای باکوور دوو موشەکی باڵیستیکی دیکە هەڵدەدات


سوپای کۆریای باشوور دەڵێت کۆریای باکوور دوو موشەکی باڵیستیکی مەودا کورتی هەڵداوە، ئەمەش لە نوێترین تاقیکردنەوە موشەکییەکانی کۆریای باکووردا کە لەم ساڵدا ژمارەیەکی پێوانەیی موشەکی تاقیکردۆتەوە، بە موشەکی باڵیستیکی کیشوەربڕیشەوە.

مانگی ڕابردوو کۆریای باکوور موشەکێکی باڵیستیکی کیشوەربڕی تاقیکردەوە کە لە توانایدا هەیە بگاتە سەر خاکی ئەمەریکا.

لە ماوەی ڕابردووشدا لەم هەفتەیەدا کۆریای باکوور ڕایگەیاند پەرەی بە تواناکانی داوە بۆ وێنەگرتن لە بۆشایی ئاسمانەوە.

سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای کۆریای باکوور وتی " سوپاکەمان دوو موشەکی مەودا کورتی بینیوە کە لەلایەن کۆریای باکوورەوە لە ناوچەی سونانی پیۆنگیانگەوە هەڵدراون بۆ ناو دەریای ڕۆژهەڵات." دەریای ڕۆژهەڵات بە دەریای ژاپۆنیش ناسراوە.

وتیشی دوو موشەکەکە نزیکەی 250 کم فڕیون و دواتر کەوتوونەتە ناو دەریای ڕۆژهەڵاتەوە.

ژاپۆنیش هەڵدانی موشەکەکەی لەلایەن کۆریای باکوورەوە پشتڕاست کردەوە، وتەبێژی حکومەتی ژاپۆن هیرۆکازو ماتسونو وتی ئەم کارە وروژێنەرەی کۆریای باکوور " بە دڵنیاییەوە جێی قبوڵکردن نیە."

ئەمەریکا و کۆریای باشوور چەند مانگێکە هۆشداری دەدەن لەسەر ئەوەی کۆریای باکوور ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی حەوتەمین تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی، کە دوایین جار لە ساڵی 2017 دا ئەو چەکەی تاقیکردەوە.

ئەمەریکا و کۆریای باشوور ڕۆژی سێشەممە مەشقێکی سەربازیی هاوبەشییان ئەنجامدا، ئەوەش لە چوارچێوەی مەشقێکی سەربازیی ئاسمانی بەرفراوانتری نێوان دوو وڵاتەکەدا کە فڕۆکە شەڕکەرە پێشکەوتووەکانی دوو وڵاتەکە بەشدارییان تێدا کردووە، بە فڕۆکەی ئێف 22 و ئێف – 35 یشەوە.

شارەزایان دەڵێن کۆریای باکوور نیگەرانە سەبارەت بە مەشقە سەربازییە هاوبەشە ئاسمانییەکانی نێوان ئەمەریکا و کۆریای باشوور، چونکە کۆریای باکوور هێزێکی ئاسمانی لاوازی هەیە، فڕۆکەی پێشکەوتوو و فڕۆکەوانی مەشقپێکراوی نیە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG