Accessibility links

نەتانیاهو بەڵێنی ڕێوشوێنی زیاتر دەدات دژی هێرشبەرە فەڵەستینییەکان


سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو
سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو بەڵێنی وەڵامێکی توندتری ئیسڕائیلیدا دژی هێرشە بەردەوامەکانی فەڵەستینییەکان لە ئۆرشەلیم و کەناری ڕۆژئاوا، لە کاتێکدا کە فشارەکانی ناو حکومەتەکەی بۆ سەپاندنی تاکتیکی توندتر زیاتر بووە.

لێدوانەکەی نەتانیاهو دوو ڕۆژ دوای ئەوە دێت ئوتومبێلێک لە قەراغ شاری ئۆرشەلیم خۆی کرد بە ناو کۆمەڵێک خەڵکدا و لە ئەنجامدا سێ ئیسڕائیلی کوژران، هەروەها دوو هەفتە دوای ئەوە دێت چەکدارێکی فەڵەستینی حەوت کەسی لە دەرەوەی پەرستگایەکی جووەکاندا کوشت.

گرژییەکان لە کەناری ڕۆژئاواش بە شێوەیەکی بەرچاو زیادییان کردووە، هێزەکانی ئیسڕائیل لەو ناوچەیەدا لەم مانگانەی دواییدا لە ماوەی هێرشە ڕۆژانەییەکانیاندا سەدان کەسییان دەستگیرکردووە و ڕووبەڕووی شەڕە تەقەیەکی سەخت بوونەتەوە لەگەڵ چەکدارە فەڵەستینییەکاندا. تەنها لەم ساڵدا لانیکەم 42 فەڵەستینی بە هاوڵاتیانی مەدەنی و چەکدارەوە کوژراون.

نەتانیاهو وتی " کابینەکە کۆدەبنەوە بۆ ئامادەکردنی ڕێوشوێنێکی بەرفراوانتر دژی ئەو کەسانەی کە کاری تیرۆریستی لە ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم و جودیا و سەماریا ئەنجام دەدەن و ئەو کەسانەشی کە پشتیوانییان لێدەکەن. هاوکات هەوڵ دەدات تاوەکو بتوانێت ئەو کەسانە ئازار نەدات کە تێوەنەگلاون." ئیسڕائیل کەناری ڕۆژئاوا بە جودیا و سەماریا ناودەبات.

وەزیری ئاسایشی ئیسڕائیل بێن گڤیر ناتاماری نەتەوە پەرستی ڕاستڕەو وتی پۆلیس دەستیکردووە بە هەڵمەتێکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم و یەکێک لەو ڕێوشوێنانەی دەیگرنەبەر ڕووخاندنی ماڵی هێرشبەرە فەڵەستینییەکانە.

بێن گڤیر کە هەڵوێستێکی توندی هەیە بەرامبەر فەڵەستینییەکان، لە شوێنی هێرشی ئوتومبێلەکەدا لەگەڵ کۆمەڵێک کەسی توڕەدا کۆبۆوە کە داوای وەڵامدانەوەیان دەکرد.

سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینییەکان مەحمود عەباس لە قاهیرە وتی فەڵەستینییەکان ڕووبەرووی " هێرشێکی کوشندە " بوونەتەوە و دووبارە بەڵێنیدایەوە لەبەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان و دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا دژی ئیسڕائیل بوەستێتەوە.

بێن گڤیر پێش کۆبوونەوەکەی حکومەتی ئیسڕائیل وتی سوورە لەسەر ئەوەی ئۆپەراسیۆنێک لە ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم دەست پێبکات کە هاوشێوەی هەڵمەتە سەربازییە بەرفراوانەکەی ئیسڕائیل بێت کە 20 ساڵ لەمەوبەر ئیسڕائیل لە ماوەی شۆڕشی فەڵەستینییەکاندا لە کەناری ڕۆژئاوا ئەنجامیدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG