Accessibility links

بلینکن داوا لە ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکان دەکات دۆخەکە هێور بکەنەوە


سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن
سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن داوای لە ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکان کرد گرژییەکانی نێوانیان کەم بکەنەوە، ئەوەش دوابەدوای زیادبوونی توندوتیژییەکانی نێوانیان لە ناوچەکەدا.

ئەو توندوتیژییە بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدنی نیگەران کرد لە کاتێکدا کە هەوڵ دەدات بەرژەوەندییەکی هاوبەش بدۆزێتەوە لەگەڵ حکومەتە نوێیە ڕاستڕەوەکەی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهودا.

سەرەڕای داواکانی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، بلینکن بە ئاشکرا هیچ بیرۆکەیەکی پێشنیار نەکرد بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و هێشتا ڕوون نییە کە ئایا لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ نەتانیاهو هیچ پێشنیارێکی کردووە یاخود نا. ڕۆژی سێشەممە بلینکن لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینییەکان مەحمود عەباسدا کۆدەبێتەوە.

بلینکن دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ نەتانیاهو وتی " ئێستا داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکەین هەنگاوی بەپەلە بگرنەبەر بۆ هێورکردنەوەی ڕەوشەکە و کەمکردنەوەی گرژییەکان. دەمانەوێت دڵنیا ببینەوە لەوەی کە ژینگەیەک هەبێت بتوانین هەلومەرجێک دروست بکەین کە تیایدا ئاسایشی ئیسڕائیلییەکان و فەڵەستینییەکان یەکسان بێت."

بلینکن لە کاتێکدا گەیشتە ناوچەکە کە کەناری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم بە کوشندەترین ماوەدا تێدەپەڕن. ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لە هێرشێکی ئیسڕائیلدا لە شارۆچکەی جینینی کەناری ڕۆژئاوا 10 فەڵەستینی کوژران. ڕۆژی هەینیش چەکدارێکی فەڵەستینی لە دەرەوەی پەرستگایەکی جووەکان لە نیشتەجێیەکی ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم 7 کەسی کوشت. بەیانی دواتر کوڕێکی تەمەن 13 ساڵی فەڵەستینی لە شوێنێکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم دوو هاوڵاتی ئیسڕائیلی بە فیشەک بریندار کرد.


لە لێدوانەکانیدا دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بلینکن، نەتانیاهو ئاماژەی بەو توندوتیژییانە نەدا، بەڵام لە جیاتی ئەوە باسی لە مەترسییەکانی ئێران کرد لەسەر ئیسڕائیل و ئاواتەکانی بۆ فراوانکردنی " ڕێککەوتنەکانی ئابراهام "، کە تیایدا ئیسڕائیل پەیوەندییەکانی لەگەڵ چەندین وڵاتی عەرەبیدا ئاسایی کردەوە.

نەتانیاهو وتی " فراوانکردنی بازنەی ئاشتی و کارکردن بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا دۆسییەی ململانێی نێوان عەرەب و ئیسڕائیل دابخەین، پێم وایە ئەوە یارمەتیمان دەدات چارەسەرێکیش لەگەڵ دراوسێ فەڵەستینییەکانماندا بدۆزینەوە."

بلینکن وتی ئەمەریکا پشتیوانی لە فراوانکردنی ڕێککەوتنەکانی ئابراهام دەکات بەڵام نابێت جێگرەوەیەک بن بۆ چارەسەری دوو دەوڵەت کە چارەسەری ململانێ درێژخایەنەکەی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکان دەکات.

بلینکن وتی " ئەم هەوڵانە جێگرەوەی بەرەوپێشچوونەکانی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکان نین، بەڵام لە کاتێکدا یەکخستنی ئیسڕائیل لەگەڵ ناوچەکەدا بەرەو پێشەوە دەبەین، دەتوانین ئەوە بە چەند ڕێگایەک بکەین کە ژیانی فەڵەستینییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا و غەزە باشتر بکەن." وتیشی باشترین ڕێگا بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە لە ڕێی چارەسەری دوو دەوڵەتەوە دەبێت، کە لە پاڵ ئیسڕائیلدا فەڵەستینییەکانیش دەبنە خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی خۆیان.

حکومەتەکەی نەتانیاهو لەلایەن سیاسییە ڕاستڕەوەکانەوە کۆنتڕۆڵ کراوە کە دژایەتی سەربەخۆیی فەڵەستینییەکان دەکەن. دوابەدوای ڕووداوی تەقەکردنەکان، حکومەتەکەی نەتانیاهو کۆمەڵێک ڕێوشوێنی گرتەبەر بۆ سزادانی فەڵەستینییەکان، بە پلانەکانیشییەوە بۆ " پتەوکردنی نیشتەجێیەکانی ئیسڕائیل لە کەناری ڕۆژئاوادا."

جێی ئاماژەیە، ئەمەریکا وەکو زۆربەی وڵاتانی دیکەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پێی وایە نیشتەجێیەکانی ئیسڕائیل لەو خاکانەدا کە فەڵەستینیەکان دەڵێن خاکی خۆیانە بۆ دەوڵەتەکەی داهاتوویان، بەربەستن لەبەردەم ئاشتیدا.

بلینکن وتی " هەرشتێک کە لەم دیدەمان دووربخاتەوە، بە بۆچوونی ئێمە زیان دەگەیەنێت بە ئاسایشی درێژخایەنی ئیسڕائیل و ناسنامەکەی وەکو وڵاتێکی جوو و دیموکرات."

بلینکن لە هەمان کاتیشدا سەرکۆنەی توندوتیژییەکانی کرد و وتی " کوشتنی کەسێکی بێتاوان کارێکی تیرۆریستییە و هەمیشە تاوانێکی نابەجێیە، بەڵام بە تایبەتی بە ئامانجکردنی خەڵکانێک لە دەرەوەی پەرستگاکەیاندا کارێکە توشی سەرسوڕمانت دەکات." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ هێرشەکەی ڕۆژی هەینی کە 10 هاوڵاتی ئیسڕائیلی تیادا کوژرا.

وتی " ئێمە سەرکۆنەی هەموو ئەوانە دەکەین کە ئاهەنگ دەگێڕن بۆ ئەم کارانە و هەر کارێکی تیرۆریستی دیکە کە تیایدا هاوڵاتیانی مەدەنی بکوژرێن. داواکردن بۆ تۆڵەسەندنەوە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی وەڵامەکە نیە. تۆڵەکردنەوە لە هاوڵاتیانی مەدەنی هەرگیز بیانووی نیە."

ڕۆژی دووشەممە بە ماوەیەکی کورت پێش گەیشتنی بلینکن بۆ ئیسڕائیل، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینییەکان وتی هێزەکانی ئیسڕائیل فەڵەستینییەکیان لە شاری هیبرۆن کوشتووە. بەمەش ژمارەی ئەو فەڵەستینییانەی کە لە مانگی یەکدا کوژراون گەیشتە 35 کەس.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG