Accessibility links

فەڵەستینییەکان دەڵێن دانیشتوویەکی جوو فەڵەستینییەکی لە کەناری ڕۆژئاوا کوشتووە


بەرپرسانی فەڵەستینی دەڵێن دانیشتوویەکی جوو بە فیشەک فەڵەستینییەکی لە کەناری ڕۆژئاوا کوشتووە.

شایەتحاڵێکی فەڵەستینی بە ڕۆیتەرزی وت کۆمەڵێک کەس لە جووەکان بە دەمانچە و چەکێکەوە لە گوندی قراوات بەنی حەسەن نزیک بوونەوە و فیشەکێکیان تەقاند، پیاوێکی تەمەن 27 ساڵییان بە ناوی موسقەل ڕەیانەوە کوشت.

بەپێی شایەتحاڵەکە، هێزەکانی ئیسڕائیل کە گەیشتوونەتە شوێنەکە تەنها دانیشتووە جووەکانیان پاراستووە.

سوپای ئیسڕائیل وتی دوای ئەوەی پشێوییەک لە نێوان فەڵەستینییەکان و ئیسڕائیلییەکاندا ڕوویدا، هێزەکانی ئیسڕائیل ڕەوانەی شوێنەکە کراون. وتیشی سەربازەکان ڕێوشوێنییان گرتەبەر بۆ بڵاوەپێکردنی پشێوییەکە و تەقەیان بە ئاسماندا کردووە، دوای ئەوە ڕووبەڕووبوونەوەکە کۆتایی هات.

وتیشی ئاگاداری ئەو هەواڵانەیە کە گوایە فەڵەستینییەک پێش ئەوەی هێزەکانی ئیسڕائیل بگەنە شوێنەکە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و بە فیشەک کوژراوە.

پۆلیسی ئیسڕائیل بە ڕۆیتەرزی وت لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکەن.

کەناری ڕۆژئاوا یەکێکە لەو ناوچانەی کە فەڵەستینییەکان دەیانەوێت دەوڵەتی تیادا ڕابگەیەنن، لە ساڵی ڕابردووەوە گرژی و توندوتیژییەکان تیایدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، ئەوەش دوای ئەوەی لە سەرەتای ساڵی ڕابردوودا بەهۆی هێرشی فەڵيستینییەکانەوە لە ناو ئیسڕائیلدا، سوپای ئیسڕائیل هەڵمەتێکی سەربازی دژی چەکدارە فەڵەستینییەکانی ناوچەکەدا دەستپێکرد.

سوپای ئیسڕائیل وتی هەر لە ڕۆژی شەممەدا موشەکێک لە کەرتی غەزەوە ئاڕاستەی ئیسڕائیل کرا و بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل بەرپەرچییان دایەوە. زەنگی ئاگادارکردنەوەی موشەک لە ناوچەکانی سەر سنووری ئیسڕائیل لێدران، ئیسڕائیلییەکانیش هەڵاتن بۆ پەناگەکان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG