Accessibility links

ئیسڕائیل ئامادەکاری دەکات بۆ ڕووخاندنی ماڵە چەکدارە فەڵەستینییەکە


ڕۆژی یەکشەممە ئیسڕائیل ماڵی ئەو چەکدارە فەڵەستینییەی گرت کە حەوت کەسی لە پەرستگایەک کوشت، ئەمەش لە هەنگاوی یەکەمدا بۆ ڕووخاندنی بیناکە، هاوکات دوو پیاوی فەڵەستینیش بە فیشەکی ئیسڕائیلییەکان کوژران.

حکومەتەکەی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو فەرمانێکی پەسەند کرد بۆ گرتنی ماڵی چەکدارێکی دیکەی فەڵەستینی، منداڵێکی تەمەن 13 ساڵ کە ڕۆژی شەممە دوو پیاوی ئیسڕائیلی لە ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم بریندار کرد. حکومەتەکەی نەتانیاهو هەنگاویشی گرتۆتەبەر بەرەو پەسەندکردنی سزادانی خێزانەکانی هێرشبەرە فەڵەستینییەکان، ئەگەری هەیە مافی دانیشتنیان لێبسەننەوە و ڕەوانەیان بکەنەوە.

هەنگاوەکانی ئیسڕائیل لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکاندا لە کاتێکدایە کە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن گەیشتە ناوچەکە، بلینکن دوابەدوای سەردانە کورتەکەی بۆ میسڕ هەوڵ دەدات ناوچەکە ئارام بکاتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا پۆلیسی ئیسڕائیل ماڵی هێرشبەرە فەڵەستینییەکەی گرت کە تەمەنی 21 ساڵە و ڕۆژی هەینی لە دەرەوەی پەرستگایەک لە ماوەی ساباثی جووەکاندا حەوت کەسی کوشت و سێ کەسی دیکەی بریندار کرد. هێرشبەرەکە لەلایەن پۆلیسەوە تەقەی لێکرا و کوژرا.

نەتانیاهو بە کابینەکەی وت " ماڵی ئەو تیرۆریستەمان گرت کە هێرشە ترسناکەکەی لە ئۆرشەلیم ئەنجامدا، ماڵەکەشی دەڕووخێندرێت."

وتی " ئێمە هەوڵی پەرەسەندنی گرژییەکان نادەین، بەڵام ئامادەین بۆ هەموو سیناریۆکان. وەڵاممان بۆ تیرۆر دەستێکی بەهێز و قورس و وەڵامێکی یەکلاکەرەوە و ورد دەبێت."

هاوکات فەڵەستینییەکانیش باسیان لە دەیان هێرشی جووەکان کردووە لە کەناری ڕۆژئاوا. خراپترینیان لە شارۆچکەی تورموس ئایا بوو کە لەوێ دەزگای هەواڵی وەفا لە زاری دانیشتوانەوە بڵاویکردەوە نیشتەجێیە جووەکان ئوتومبێلێک و ماڵێکیان سوتاندووە.

وتەبێژێکی سەربازی ئیسڕائیل کۆلۆنێڵ ڕیچارد هێچت ڕووداوەکەی بە " شەرمەزارکەر " ناوبرد و وتی سوپا زۆر بە جددیی وەریگرتووە و لێکۆڵینەوەی لێدەکات.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG