Accessibility links

لە هێرشێکی ئیسڕائیلدا لە کەناری ڕۆژئاوا پێنج چەکداری فەڵەستینی کوژراون


گروپی چەکداری فەڵەستینییەکان و سەرچاوە ئیسڕائیلییەکان دەڵێن هێزەکانی ئیسڕائیل لە هێرشێکدا بۆ سەر کامپێکی پەنابەران لە نزیک شاری جێریکۆی کەناری ڕۆژئاوا پێنج چەکداری فەڵەستینییان کوشتووە.

لیواکانی قەسام کە باڵێکی چەکداری سەر بە حەماسە، وتی تۆڵەی مەرگی ئەندامەکانی دەکاتەوە کە لە هێرشەکەی سەر کامپی عەقبەت جەبردا کوژراون، کە ئیسڕائیل وتی ئامانج لە هێرشەکە دەستگیرکردنی ئەو چەکدارانە بووە کە هەوڵیانداوە هێرش بکەنە سەر ئیسڕائیلییەکان.

سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینییەکان مەحمود عەباس سەرکۆنەی هێرشەکەی ئیسڕائیلی کرد، هێرشەکە لە ماوەی زیادبوونی گرژییەکاندا بوو کە ترس و نیگەرانییەکانی سەبارەت بە پەرەسەندنی توندوتیژییەکان زیاتر کردووە و وایکردووە ئەمەریکا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکان بکەن دۆخەکە هێور بکەنەوە.

لە سەرەتای ساڵی ڕابردوودا دوابەدوای چەند هێرشێکی فەڵەستینیەکان لە ناو ئیسڕائیلدا، سوپای ئیسڕائیل هەڵمەتێکی سەربازی دەستپێکرد دژی گروپە چەکدارییەکانی فەڵەستینییەکان لە کەناری ڕۆژئاوادا و چەندین هێرشی لەو ناوچەیەدا ئەنجام داوە، هەروەها لە دوای هێرشەکەی چەکدارە فەڵەستینییەکەوە لە 27 ی مانگی یەکدا لە نزیک پەرستگایەکی جووەکان کە حەوت کەسی کوشت، هێزەکانی ئیسڕائیل خراونەتە ئامادەباشییەوە.

سوپای ئیسڕائیل وتی هێرشەکەی ڕۆژی دووشەممە ئامانج لێی دەستگیرکردنی کۆمەڵێک چەکداری سەر بە حەماس بووە کە خۆیان لە ماڵێکی کامپەکەدا حەشارداوە و مانگی ڕابردوو هەوڵیانداوە هێرشێک ئەنجام بدەن و پلانییان داڕشتووە هێرشی دیکەش ئەنجام بدەن.

سوپای ئیسڕائیل وتیشی لە 28 ی مانگی یەکدا دوو چەکدار لە ڕێستۆرانتێک لە نیشتەجێی ڤیرید یەریهۆ دەرکەوتوون، لەو کاتەدا نزیکەی 30 کەس لە ڕێستۆرانتەکەدا بوون، بەڵام بەهۆی لە کارکەوتنی چەکەکانیانەوە پێش ئەوەی هێرشەکە ئەنجام بدەن هەڵاتوون.

وتیشی لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا هێزەکانی ئاسایشی چەندین ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامداوە بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی گومانلێکراوەکان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG