بەرپرسانی تەندروستی و شایەتحاڵان دەڵێن ڕۆژی چوارشەممە هێزەکانی ئیسڕائیل 10 فەڵەستینییان کوشتووە، لانیکەم 3 چەکدار و 3 هاوڵاتی مەدەنی لە نێو کوژراوەکاندا بوون، زیاتر لە 100 کەسی دیکەش بریندار بوون، ئەمەش لە هێرشێکدا لە شارێکی کەناری ڕۆژئاوا.
سوپای ئیسڕائیل ئۆپەراسیۆنەکەی لە شاری نابلوسی کەناری ڕۆژئاوا پشتڕاست کردەوە، وتی دوای ئەوەی هێزەکانی ئیسڕائیل تەقەیان لێکراوە، سەربازەکان وەڵامی تەقەکەیان داوەتەوە و هەوڵیانداوە ئەو چەکدارانە دەستگیر بکەن کە پلانی ئەنجامدانی هێرشییان داڕشتووە. سوپای ئیسڕائیل وتیشی هیچ زیانێکی گیانی لە نێو هێزەکانی ئیسڕائیلدا نەبووە.
گروپی چەکداری فەڵەستینییەکان، جیهادی ئیسلامی، وتی لە خانوویەکدا لە نابلوس دوو فەرماندەیان لەلایەن هێزەکانی ئیسڕائیلەوە گەمارۆ درابوون، ئەوەش بووەتە هۆی کەوتنەوەی شەڕێک کە چەکدارەکانی دیکەشی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە. دەنگی تەقینەوە بیستراوە و گەنجانیش بەردییان گرتۆتە ئوتومبێلە زریپۆشەکانی ئیسڕائیل.
سەرچاوە فەڵەستینییەکان دەڵێن دوو فەرماندەی گروپی جیهادی ئیسلامی لەگەڵ چەکدارێکدا کوژراون. لانیکەم سێ هاوڵاتی مەدەنیش کوژراون، پیاوێکی تەمەن 72 ساڵ و کوڕێکی تەمەن 12 ساڵیشیان تێدا بووە. بەرپرسانی تەندروستیش وتیان 102 فەڵەستینی دیکە بریندار بوون، شەش کەسیان لە دۆخێکی خراپدان.
سوپای ئیسڕائیل لە ساڵی ڕابردووەوە سەنگی هێرشەکانی خستۆتە سەر شارەکانی نابلوس و جینین لە کەناری ڕۆژئاوا، ئەوەش دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو فەڵەستینییەکان چەند هێرشێکیان لە ناو خاکی ئیسڕائیلدا ئەنجامدا.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینییەکان دەڵێت لە ساڵی 2023 دا تاوەکو ئێستا 60 فەڵەستینی کوژراون، بە هاوڵاتیانی مەدەنی و چەکداریشەوە. بەپێی وەزارەتی دەرەوەی ئیسڕائیل، هەر لەو ماوەیەدا لە هێرشی فەڵەستینییەکاندا 10 هاوڵاتی ئیسڕائیلی و گەشتیارێکی ئۆکرانی کوژراون.
نەبیل ئەبو ڕودینیەی وتەبێژی سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینییەکان مەحمود عەباس وتی " سەرکۆنەی هێرشی داگیرکەر دەکەین لە نابلوس و داوای کۆتایی هاتنی هێرشە بەردەوامەکان دەکەین دژی گەلەکەمان."
گروپی چەکداری حەماس کە گروپێکی چەکداری فەڵەستینە و هەندێک کات لە پاڵ گروپی جیهادی ئیسلامیدا شەڕ دەکات، وتی چوار چەکدار هەبوون، یەکێکیان سەر بە حەماس بووە، هەروەها ئاماژەی بەوەدا ڕەنگە لە کەرتی غەزەوە تۆڵە بکرێتەوە. کەرتی غەزە لە ژێر کۆنتڕۆڵی حەماسدایە.
وتەبێکی باڵی سەربازی حەماس ئەبو عوبەیدە وتی " بەرخۆدان لە غەزە چاودێری ئەو تاوانانە دەکەن کە دوژمن لە کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراو دژی گەلەکەمان ئەنجامی دەدات و خەریکە ئارامییان نامێنێت."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
بەرپرسانی تەندروستی: هێزەکانی ئیسڕائیل 10 فەڵەستینییان لە پێکدادانێکدا لە کەناری ڕۆژئاوا کوشتووە
