سوپای ئیسڕائیل دەڵێت هێزەکانی ئیسڕائیل لە نزیک شاری نابلوسی کەناری ڕۆژئاوا تەقەیان لە پیاوێکی فەڵەستینی کردووە و کوشتوویانە، ئەوەش دوای ئەوەی پیاوەکە هەوڵی داوە لە خاڵێکی سەربازیدا هێرش بکاتە سەر سەربازێکی ئیسڕائیلی.
ڕووداوەکە نوێترین ڕووداوی هاوشێوەیە کە نزیکەی ڕۆژانە لە ماوەی ساڵی ڕابردووەوە تاوەکو ئێستا لە کەناری ڕۆژئاوادا ڕوودەدەن، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی توندوتیژییەکانی بۆ ئاستێکی پێوانەیی.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینییەکان وتی پیاوەکە تەمەنی 25 ساڵ بووە و خەڵکی شاری جێنین بووە، بەڵام وردەکاری زیاتری نەدا.
سوپای ئیسڕائیل وتی پیاوەکە لە ئوتومبێلێک دابەزیوە و لە خاڵێکی سەربازیی نزیک دەستەی بەڕێوبەرایەتی لیواکە نزیک بۆتەوە، سەرەڕای ئەوەی لەلایەن سەربازەکانەوە ئاگادار کراوەتەوە کە نزیک شوێنەکە نەکەوێتەوە و تەقەیان بە ئاسماندا کردووە بۆ ئەوەی ئاگاداری بکەنەوە، پیاوەکە هەوڵیداوە هێرش بکاتە سەر یەکێک لە سەربازەکان، بەڵام لەلایەن سەربازێکی دیکەوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە.
لە ڕووداوێکی جیادا، سوپای ئیسڕائیل وتی ئوتومبێلێکی ئیسڕائیلی لە نزیک شاری ڕەوابی لە باکووری ڕامەڵا تەقەی لێکراوە، بەڵام هەواڵی کەوتنەوەی زیانی گیانی نەبووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز