Accessibility links

ئێران سزای 40 ساڵ زیندانیکردن دەسەپێنێت بەسەر کارمەندێکی بەلجیکی یارمەتییە مرۆییەکاندا


خێزانی هاوڵاتییە بەلجیکییەکەی کە لە ئێران دەستبەسەرکراوە ڕۆژی سێشەممە داوایان لە حکومەتی بەلجیکا کرد هەرچی لە توانایدا بێت بیکات بۆ ئازادکردنی، ئەوەش دوای ئەوەی هاوڵاتییە بەلجیکییەکە کە کارمەندێکی یارمەتییە مرۆییەکانە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن سزای 40 ساڵ زیندانیکردن و 74 جار لێدانی بە قامچی بەسەردا سەپێندرا.

دەزگای هەواڵی تەسنیم هەواڵی سەپاندنی سزاکەی بەسەر ئۆلیڤیێر ڤاندیکاستیلدا بڵاوکردەوە، پێشتر لە مانگی دوانزەدا بەلجیکا ئاماژەی بەوەدا بوو سزای 28 ساڵ زیندانیکردن بەسەر ڤاندیکاستیلدا سەپێندراوە.

تەسنیم وتی ڤاندیکاستیل بە چوار تۆمەت تاوانبار کراوە، تۆمەتەکانیش بریتین لە سیخوڕیکردن دژی کۆماری ئیسلامی، هاریکاریکردن لەگەڵ ئەمەریکای دوژمنی سەرسەختی ئێران، قاچاخچیکردن بە دراو و پارە سپیکردنەوەوە.

وتیشی ڤاندیکاستیل کە مانگی دووی ساڵی ڕابردوو لە ماوەی سەردانێکیدا بۆ تاران دەستگیرکرا، دەتوانێت داوای پێداچوونەوە بە سزاکەیدا بکات. ڤاندیکاستیل سەرجەم تۆمەتەکانی ڕەت کردۆتەوە.

وەزیری دەرەوەی بەلجیکا هاجا لاهبیب سەرکۆنەی " دەستبەسەرکردنی زۆرەملێی ڤاندیکاستیلی کرد " و وتی بانگهێشتی باڵیۆزی ئێران دەکەین لە بڕۆکسل بۆ ناڕەزایی دەربڕین دژی ئەو بڕیارە.

هاوڕێیەکی ڤاندیکاستیل ئۆلیڤیێر ڤان شتێرتیگم کە ماوەیەکی زۆرە وەکو وتەبێژی خێزانەکەی ڤاندیکاستیل قسە دەکات بە ڕۆیتەرزی وت " خێزانەکە بەو هەواڵە ڕووخاون. ئۆلیڤیێر قوربانییە، بارمتەیە." وتیشی حکومەتی بەلجیکا دەبێت هەرچی لە توانادا هەبێت بیکات بۆ ئازادکردنی ڤاندیکاستیل و سەرکۆنەی " سیاسەتی بارمتەی " ئێران بکات.

لە مانگی دوانزەدا وەزیری دادی بەلجیکا وتی ڤاندیکاستیل بەهۆی " کۆمەڵێک تۆمەتی ساختە و دروستکراوەوە " لە زینداندایە و سزادانیشی لەلایەن ئێرانەوە وەکو وەڵامێکە بۆ بڕیارەکەی ساڵی 2021 ی دادگایەکی بەلجیکی کە تیایدا سزای 20 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر دیبلۆماتکارێکی ئێرانیدا سەپاند.

ئەسەدوڵا ئەسەدی بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی کارێکی تیرۆریستی تۆمەتبار کرا، ئەوەش دوای ئەوەی لە ساڵی 2018 دا و لە نزیک پاریس لە پلانێکی شکستخواردوودا هەوڵیدا بۆمبێک بە گردبوونەوەیەکی ئەنجومەنی نیشتیمانی بەرخۆدانی ئێراندا بتەقێنێتەوە کە گروپێکی دەربەدەری ئێرانین و دژی کۆماری ئیسلامین.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG