Accessibility links

کچی سەرۆکێکی پێشووی ئێران سزای پێنج ساڵ زیندانی کردن دەدرێت


فایزە هاشمی، کچی سەرۆکی پێشووی ئێران ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی بە تۆمەتی "پروپاگەندە کردن" و کرداری دژ بە ئاسایشی نیشتمانی، لە ئێران سزای پێنج ساڵ زیندانی کردن دراوە.

پارێزەرەکەی ئەو چالاکوانە ڕۆژی دووشەممە هەواڵەکەی بە ئاژانسی دەنگوباسی فرانس پرێس ڕاگەیاندووە.

فایزە هاشمی لە 27 ی مانگی 9 بە تۆمەتی هاندانی خەڵکی ناوچەکە بۆ خۆپیشاندان دەستگیرکرا لە کاتێکدا ناڕەزایەتییەکان لەسەر مەرگی ژینا ئەمینی لە سەرانسەری ئێراندا لە دووهەمین هەفتەیدا بوو.

نەدا شەمس پارێزەری هاشمی، گوتی " خۆسپێرەکەم، خاتوو هاشمی، لە دادگایی سەرەتاییدا سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە." ئەو گوتیشی بە نیازە داوای پێداچوونەوە بکات.

پارێزەرەکە ڕایگەیاندووە ئەو خانمە تەمەن 60 ساڵەی یاسادانەری پێشوو و چالاکوانی مافی ژنان، بە تاوانی " هاوکاری دژی ئاسایشی نیشتمانی، پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی و تێکدانی فەرمانی گشتی بە بەشداریکردن لە کۆبوونەوە نایاساییەکان" سزا دراوە.

شەمس دەشڵێت " بڕیارەکە، کە هێشتا بڕیاری کۆتایی نییە، ڕۆژی چوارشەممە بە من گوتراوە و ئێمەش لە کاتی دیاریکراوی یاساییدا داوای پێداچوونەوە دەکەین."

هاشمی پێشتریش ڕووبەڕووی تۆمەتی هاوشێوە بووەتەوە و لە ساڵی 2012دا دەستگیرکراو سزای 6 مانگ زیندانیکردن درا بە تاوانی "پرۆپاگەندەکردن دژ بە کۆماری ئیسلامی".

لە مانگی 10ی ساڵی ڕابردوودا، مەسعود سێتایشی، وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو ڕایگەیاند، لە مانگی سێدا سزای "15 مانگ زیندانیکردن و 2 سزای تری بەسەردا سەپێندراوە لەنێویاندا قەدەغەکردنی چالاکییەکانی ئینتەرنێت".

هاشمی ڕەفسەنجانی باوکی فایزە لە ساڵی 1989 بۆ 1997 سەرۆکی ئێران بوو کە لە ساڵی 2017 کۆچی دواییکرد، بە کەسێکی میانەڕەو کە هەوڵی باشکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕۆژئاوادا دەدا دەبینرا.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG