Accessibility links

دەستگیرکردنی منداڵان لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە


بە گوێرەی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە هەفتەی ڕابردووەوە هەتا ئێستا زیاتر لە 10 منداڵ و نەوجەوان لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە شارەکانی جوانڕۆ، مهاباد و سنە "ڕفێندراون".

ئەندامێکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە ژنێڤ دەڵێت ئەمە شتێکی نوێ نییە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران.

تەیمور ئەلیاسی لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی " کۆماری ئیسلامی ئێران هەرچەندە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ مافەکانی منداڵان مۆر کردووە، بەڵام هەمیشە پێشێلی دەکات."

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕۆژی دووشەممە دەستبەسەرکردنی کوڕێکی تەمەن 14 ساڵی بە ناوی ماهان بابایی خەڵکی جوانڕۆ ڕاگەیاند کە دەڵێت لەلایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتەوە ڕۆژی یەکشەممە لە ماڵەکەی خۆیدا "ڕفێندراوە". ڕێکخراوەکە دەشڵێت هەتا ئێستا بێسەرو شوێنە.

ئاژانسی دەنگوباسی هراناش کە بۆ زانیارییەکانی پشت بە چالاکوانانی نێو ئێران دەبەستێت دەڵێت " بەم دواییە چوار هاووڵاتی لە ناویاندا دوو منداڵیش دەستگیرکراون. هێزەکانی ئاسایش فەرشاد مەلەکییان لە مەریوان دەستگیرکردووە. لە جوانڕۆش ماهان بابایی تەمەن 14 ساڵ، مانی نوری تەمەن 17 ساڵ و کیان ماکان دەستگیرکراون کە براون بۆ شوێنێکی نادیار."

دەستگیرکردنی نەوجەوانان لە ئێران بە تایبەتی ئەوەی ماهان نوری کە تەمەنی تەنها 14 ساڵە، بووەتە جێگای نیگەرانییەکی زۆری ڕێکخراوەکان.

تەیمور ئەلیاسی دەڵێت بەردەوامین لە لێکۆڵینەوەکردن لەسەر بابەتەکە تا زانیاری زیاترمان بەردەستبکەوێت لەسەر چۆنیەتی دەستگیکردنیان و کاتی دەستگیرکردنیان بۆ ئەوەی ڕاپۆرتیان لەسەر بنێرین بۆ " کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ هەروها بۆ ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئێران."

ئەو ئەندامەی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە ژنێڤ باس لە تۆماری پێشێلکارییەکانی مافەکانی منداڵان لە ئێران دەکات و دەڵێت " زیاتر لە 84 منداڵ لە ئێران سزای مەرگیان بەسەردا دراوە. ئێران تەنها وڵاتی جیهانە کە مێردمنداڵ، ژێر تەمەنی هەژدە ساڵ، لەسێدارە دەکات. "

هەروەها دەشڵێت لە ئێران لە ڕابردووشدا منداڵ بۆ فشارخستنە سەر بنەماڵەکانیش لەلایەن ڕژێمەوە بکارهاتوون" لە ئێران پێشتریش، بە تایبەتی لە کوردستانی ئێران حاڵەتی وا هەبووە کە منداڵ و دایکیان گرتووە یان منداڵەکەیان بە تەنها گرتووە بۆ ئەوەی باوکی کە پێشمەرگە بووە بگەڕێتەوە. کەواتە گرتنی منداڵ شتێکی نوێ نییە لەوێ."

هەروەها دەشڵێت لەسەر ئەم کردەوانەی ئێران لە ئێستادا هەوڵێکی زۆر هەیە لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤەوە تا " فشار بخنە سەر وڵاتانی ڕۆژئاوا تا تەنها ئیدانەی ئەم شتانە نەکەن بەڵکو هەنگاوی مانادار بنێن بۆ ڕێگریکردن لەم کردارانە بۆ نمونە باڵیۆزخانەکانی ئێران دابخەن یان باڵیۆزەکانیان دەربکەن، بە شێوەیەکی کاریگەر سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە فەرمی وەکو ڕێکخراوێک بخەنە لیستی ڕەشەوە نەک تەنها کەسایەتییەکانی نێوی."

بە پێی دواین ئاماری ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران لەوەتای دەستپێکردنی خۆپێشاندانە ناڕەزایەتییەکانی لە پاش مەرگی ژینا ئەمینی، لە کاتی دەستبەسەرکردنی لەلایەن پۆلیسی ئاکارەوە، بەلایەنی کەم 481 کەس لەلایەن هێزە ئاسایشییەکانی ئێرانەوە کوژراون کە 64 لەوانە منداڵن.

لە مانگی ڕابردوودا ڕێکخراوی پاراستنی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNICEF) لە ڕاپۆرتێکیدا بە توندی هەموو جۆرە توندوتیژییەکی دژ بە منداڵان شەرمەزار کرد و گوتی " داوای کۆتاییهێنان دەکات بە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و دەستدرێژی کە بەپێی زانیارییەکان لە کاتی نائارامییە گشتییەکانی ئێراندا بووەتە هۆی مردنی زیاتر لە 50 منداڵ و برینداربوونی ژمارەیکەی زیاتر."

XS
SM
MD
LG