Accessibility links

هاوکاتی زیادبوونی ڕەخنەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئێران سزای لەسێدارەدان بەسەر سێ خۆپیشاندەری تردا دەسەپێنێت


بە پێی ماڵپەڕی میزانی سەر بە دەسەڵاتی دادوەری ئێران، ڕۆژی دووشەممە سێ خۆپیشاندەری تری دژ بە حکومەت بە تۆمەتەکانی " شەڕکردن لە دژی خودا" سزای مەرگیان بەسەردا دراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕەخنەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر سەرکوتکردنی توندی خۆپیشاندەران زیادی کردووە.

ماڵپەڕەکە دەڵێت ئەم کەسانەی کە گوایە بە تاوانی کوشتنی ئەندامانی هێزی بەسیج لە میانەی خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەت لە ناوەندی شاری ئەسفەهان سزادراون، دەکرێت داوای پێداچوونەوە بە سزاکەیاندا بکەن.

ئاژانسی هرانا کە بنکەی لە دەرەوەی ئێرانەو پشت بە زانیارییەکانی چالاکوانانی نێو ئێران دەبەستێت لە تویتێکدا ناوی ئەو کەسانەی بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت " سەلاح میرهاشمی، مەجید کازمی و سەید یاقوبی سزای مەرگ و بە گشتی 30 ساڵی زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنداروە بە چەندین تۆمەتی جیاجیا لە ناویاندا محارەبەش. هەروەها ئەمیر ناسر ئازادانی (یاریزانی تۆپی پێی خەڵکی ئەسفەهان) سزای 26 ساڵ زیندانیکردن و سۆهەیل جەهانگیری سزای 2 ساڵ زیندانی کردنی بەسەردا سەپێندراوە."

لە تویتێکی دیکەدا ئاژانسی هرانا دەڵێت " کامبیز خەروت کە لە خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییەی زاهیداندا دەستگیرکرا، بە تۆمەتی موحارەبە و [بڵاوکردنەوەی گەندەڵی لە سەرزەوی] سزای مەرگی بەسەردا سەپێندراوە."

تاوانی موحارەبە دەچێتە خانەی یەكێک لە گەورەترین تاوانەکانی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی لە یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا. هەر هێرشێکی ناو خۆیی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران دەچێتە خانەی تاوانی موحارەبەوە کە ئەو تاوانەش سزای مەرگی لەسەرە. ئەم سزایە یەکەم جار لەلایەن سادق خەڵخاڵی دادوەری شەرعی داگادگای شۆڕش لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ لەسێدارەدانی دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەکارهات.

نێوەندی مافەکانی مرۆڤی ئێران لە تویتێکدا دەڵێت " محەمەد بروغنی تەمەن 19 ساڵ و محەمەد قوبادلوی تەمەن 22 ساڵ لە مەترسی ئەوەدەن بەم زوانە لەسێدارە بدرێن. محەمەد مەهدی کەرەمی تەمەن 22 ساڵ و سەید محەمەد حوسەینی تەمەن 39 ساڵ ڕۆژی شەممە لەسێدارەدران."

لە بەردەوامی هەوڵەکانیدا بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان، ئێران لە ڕۆژی شەممەشدا سزای مەرگی بەسەر دوو پیاوی تردا جێبەجێکرد، یەکێک لەوانە پاڵەوانی کاراتێ بوو کە چەندین نازناوی نیشتمانی بەدەستهێنابوو.

هێزەکانی بەسیجی سەر بە سوپای پاسداران، لە پێشەنگی هەوڵەکانی دەوڵەتدان بۆ سەرکوتکردنی ئەو خۆپیشاندانانەی کە بە " ئاژاوەگێڕی" وەسفی دەکات و لە پاش مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵەوە لە 16 ی مانگی 9 وە دەستیان پێکردووە.

بە پێی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران لەوەتای ئەم خۆپیشاندانانە دەستیان پێکردووە بەلانیکەم 481 کەس لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کوژراون کە 64 لەوانە منداڵ بوون و 35یشیان ژنن.

XS
SM
MD
LG