Accessibility links

لە بەلجیکا خۆپیشاندان دەکرێت بۆ ئازادکردنی هاووڵاتییەکی بەلجیکایی کە لە ئێران دەستبەسەرکراوە


Belgium Government
Belgium Government

لایەنگرانی کارمەندێکی یارمەتییەکان کە لە ئێران زیندانی کراوە، لە ڕۆژی کریسمسدا خۆپیشاندانێکیان لە بڕۆکسل ئەنجامدا و داوایان کرد دەستبەجێ ئازاد بکرێت، وتەبێژی خۆپیشاندەرەکانیش پرسیاری ئەوەی کرد بۆچی ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییان وەستاوە.

نزیکەی 50 کەس بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکەی ناوەڕاستی بڕۆکسلی پایتەختی بەلجیکادا کرد و وێنەی ئۆلیڤیێر ڤاندیکاستیلییان بەرز کردەوە کە کارمەندێکی یارمەتییە مرۆییەکانە و لە ئێران دەستبەسەر کراوە.

وتەبێژێکی هەڵمەتی ئازادکردنی ڤاندیکاستیل، ئۆلیڤیێر شتێرتیگیم وتی گردبوونەوەکە بۆ ئەوەیە کە " ئەمە یەکەمین ساڵە ئۆلیڤیێر کریسمس وەکو بارمتە لە ئێران بەسەر دەبات."

وتیشی " بارودۆخی خێزانەکەی زۆر خراپە " و تەنانەت ناشزانن ڤاندیکاستیل لە کوێ زیندانی کراوە.

ڤاندیکاستیلی تەمەن 41 ساڵ لە مانگی دووی ئەم ساڵدا لە ئێران دەستبەسەرکرا و حکومەتی بەلجیکاش دەڵێت لە ڕەوشێکی " نامرۆییدا " زیندانی کراوە.

هەفتەی ڕابردوو ئێران سزای 28 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر ڤاندیکاستیلدا سەپاند.

حکومەتی بەلجیکا چەند جارێک داوای لە سەرجەم هاوڵاتیانی بەلجیکا کردووە لە ئێران بەو هاوڵاتیانەشەوە کە ڕەگەزنامەی بەلجیکی و ئێرانیشیان هەیە، ئەو وڵاتە جێبهێڵن، ئەوەش بەهۆی مەترسی دەستبەسەرکردنیان بە زۆرەملێ و زیندانیکردنیانەوە.

بەلجیکا سوورە لەسەر ئەوەی ڤاندیکاستیل بێتاوانە و وەکو بارمتە گیراوە لە کاتێکدا تاران هەوڵ دەدات بڕۆکسل ناچار بکات بریکارێکی ئێرانی ئازاد بکات کە بە تۆمەتی تیرۆر دەستبەسەرکراوە.

بەپێی ڕێککەوتنێک کە لە ماوەی ڕابردوودا لەم ساڵدا لە نێوان بەلجیکا و ئێراندا واژۆ کرا، ڤاندیکاستیل دەشیا بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی پێبکرێت لەگەڵ ئەسەدوڵا ئەسەدی ئێرانیدا.

ئەسەدی دیبلۆماتکارێکی ئێرانییە کە لە نەمسا کاری کردووە، لە ساڵی 2018 دا دەستگیرکرا، ئەوەش دوای ئەوەی پۆلیسی ئەڵمانیا و بەلجیکا و فەڕەنسا شکستیان بە پلانگێڕییەک هێنا بۆ تەقاندنەوەی بۆمبێک بە گروپێکی دەربەدەری ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیدا لە دەرەوەی پاریس.

دوای سێ ساڵ لە دەستبەسەرکردنی، ساڵی ڕابردوو بەلجیکا بە تۆمەتی تیرۆر سزای 20 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر ئەسەدیدا سەپاند.

بەڵام لە سەرەتای مانگی دوانزەدا دادگای دەستووریی بەلجیکا جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییانی ڕاگرت، لە سێ مانگی داهاتوودا دوایین بڕیار لەسەر یاسایی ڕێککەوتنەکە دەدرێت.

شتێرتیگیم وتی حکومەتی بەلجیکا باوەڕی وایە ڕێککەوتنە ڕاگیراوەکە " تەنها ڕێگەیە " بۆ ئازادکردنی ڤاندیکاستیل.

وتی " پرسیارەکە ئەوەیە ئایا دەتوانین قبوڵی بکەین واز لە پیاوێکی بەلجیکی بهێنین لە زیندانێکی ئێرانیدا بمرێت. هەموو ئەوە لەبەر ئەوەی ئێمە نامەوێت زیندانییەک لێرە بگوازینەوە کە تاوەکو ئێستا پێنج ساڵی لە زینداندا بەسەربردووە." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەسەدی.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG