Accessibility links

هیندستان پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەکانی ئاشتی لە ئۆکرانیا دەردەبڕێت


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی

سەرۆک وەزیری هیندستان نارێندرا مۆدی لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەکانی ئاشتی لە ئۆکرانیا دەربڕی، زێلێنسکیش وتی هەوڵی یارمەتی مۆدی داوە لە " جێبەجێکردنی شێوازەکەیدا بۆ ئاشتی."

زێلێنسکی لە تویتەر نوسیویەتی " پەیوەندییەکی تەلەفونیم لەگەڵ سەرۆک وەزیری هیندستان نارێندرا مۆدیدا ئەنجامدا و هیوای سەرۆکایەتیکردنێکی سەرکەوتووی کۆمەڵەی بیستی بۆ دەخوازم. لەسەر ئەم سەکۆیە بوو شێوازی ئاشتییەکەم ڕاگەیاند و پشت بە بەشداربوونی هیندستان دەبەستم لە جێبەجێکردنیدا. هەروەها سوپاسی یارمەتییە مرۆییەکان و پشتیوانییەکانم کرد لە نەتەوە یەکگرتووەکان."

لە 1 ی مانگی دوانزەوە هیندستان خولی سەرۆکایەتی کۆمەڵەی بیستی وەرگرتووە.

لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆیدا و لە کۆبوونەوەکەی مانگی ڕابردووی کۆمەڵەی بیستدا، زێلێنسکی داوای لە کۆمەڵەکە کرد شێوازە 10 خاڵییەکەی ئۆکرانیا بۆ ئاشتی پەسەند بکەن، کە تیایدا داوای کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی ڕووسیا و گەڕاندنەوەی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیا دەکات. لەو کاتەدا وتی " ئێستا " کاتی ئەوەیە کۆتایی بە جەنگەکە بهێندرێت.

حکومەتی هیندستان سەبارەت بە گفتوگۆکەی زێلێنسکی و مۆدی وتی " مۆدی جەختی لە داواکەی کردۆتەوە بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی توندوتیژییەکان." وتیشی هەردوولا دەبێت پەنا بۆ گفتوگۆکردن و دیبلۆماسی ببەن بۆ ئەوەی چارەسەرێکی هەمیشەیی بدۆزنەوە بۆ ناکۆکییەکانیان. هەروەها باس لەوەش دەکات مۆدی پشتیوانی هیندستانی دەربڕیوە بۆ هەر هەوڵێکی ئاشتی، هەروەها دڵنیایی داوەتە زێلێنسکی لەسەر پابەندبوونی هیندستان بە بەردەوامیدان بە دابینکردنی یارمەتییە مرۆییەکانەوە بۆ هاوڵاتیانی ئۆکرانی.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژەش بەوە دراوە " سەرۆک وەزیر ئەرکە سەرەکییەکانی سەرۆکایەتی هیندستانی بۆ کۆمەڵەی بیست ڕوون کردۆتەوە، لەوانەش پێدانی دەنگێک بۆ نیگەرانییەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو لەسەر پرسەکانی وەکو خۆراک و ئاسایشی وزە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG