Accessibility links

زێلێنسکی: ڕووسیا لە پێناو ترساندن و خۆشیدا دەکوژێت


هێرشەکەی ڕووسیا، خێرسۆن
هێرشەکەی ڕووسیا، خێرسۆن

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی دەڵێت ڕووسیا " لە پێناو ترساندن و خۆشیدا دەکوژێت." ئەمەش دوای ئەوەی بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی ڕووسیاوە لە شاری خێرسۆنی ئازادکراو لانیکەم 5 کەس کوژران و 20 کەسی دیکە بریندار بوون.

وێنەی هێرشەکە و ئوتومبێلە سوتاوەکان و لاشەکان تەنها لە هەژماری تێلێگرامی زێلێنسکیدا بڵاوکراونەتەوە.

زێلێنسکی گوتی " زۆر ڕێی تێدەچێت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەم وێنانە وەکو ' ناوەڕۆکێکی هەستیار ' ناوببەن. بەڵام ئەمە ناوەڕۆکێکی هەستیار نیە، ئەمە ژیانی ڕاستەقینەی ئۆکرانیا و ئۆکرانییەکانە."

لە ماوەی ڕابردوودا وەزارەتی بەرگری بەڕیتانیا وتی ڕووسیا ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی تەقەمەنی بۆتەوە لە داگیرکارییەکەیدا لە ئۆکرانیا.

وەزارەتەکە ڕۆژی شەممە وتی " سەرەڕای ئەوەی مامەڵەی لەگەڵ کەمبوونەوەی سەربازەکانیدا کردووە، ئەگەرێکی زۆر هەیە کەمبوونەوەی تەقەمەنی وەکو هۆکاری سەرەکی سنوورداربوونی هێرشەکانی ڕووسیا بمێنێتەوە."

گوتیشی " ڕووسیا هێرشە موشەکییە مەودا درێژەکانی دژی ژێرخانی ئۆکرانیا کەم کردۆتەوە بۆ جارێک لە هەفتەیەکدا، ئەوەش بەهۆی کەمیی موشەکە کروزەکانەوە. لە هەمان کاتیشدا ڕووسیا پێناچێت تەقەمەنی تۆپهاوێژەکانی ئەوەندە زیاد کردبێت کە بەس بن بۆ ئەنجامدانی هێرشی بەرفراوان."

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی هەینی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا یارمەتییەکی 45 ملیار دۆلاری بۆ ئۆکرانیا پەسەند کرد، کە بەشێکە لەو 1.66 تریلیۆنەی کە ڕۆژێک لەوەوبەر لەلایەن ئەنجومەنی سیناتەوە پەسەند کرا بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا.

زێلێنسکی سوپاسی سەرۆک بایدن و کۆنگرێسی ئەمەریکای کرد بۆ پشتیوانیکردن لە شەڕەکەی ئۆکرانیا دژی ڕووسیا.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG