Accessibility links

ناتۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوێکی تەقەکردن دەکات لە باکووری کۆسۆڤۆ


هێزەکانی ئاشتی پارێزی ناتۆ لەسەر سنووری کۆسۆڤۆ و سڕبیا
هێزەکانی ئاشتی پارێزی ناتۆ لەسەر سنووری کۆسۆڤۆ و سڕبیا

هێزەکانی ئاشتی پارێزی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە کۆسۆڤۆ دەڵێت لێکۆڵینەوە لە ڕووداوێکی تەقەکردن دەکەن لە باکووری کۆسۆڤۆ کە گرژیی تێدایە، داوای ئارامیش دەکات لە کاتێکدا بەرپرسانی سەربازی سڕبیا سەردانی هێزەکانیان کرد لەسەر سنووری نێوان سڕبیا و کۆسۆڤۆ، ئەوەش وەکو دەرخستنی ئامادەییان بۆ شەڕکردن.

ڕووداوەکەی ئێوارەی ڕۆژی شەممە لە شارۆچکەی زوبین پۆتۆکی باکووری کۆسۆڤۆ ڕوویدا کە دانیشتوانە سڕبییەکەی لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا بەربەستییان لە سەر ڕێگاکان داناوە و هەر لەو ناوچەیەشدا گرژییەکان لە نێوان دوو وڵاتەکەدا لە زیادبووندایە کە پێشتر لە جەنگدا بوون دژی یەکتر.

هێزەکانی ئاشتیپارێزی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە کۆسۆڤۆ وتی ڕووداوەکە لە نزیک یەکێک لە کاروانەکانیانەوە ڕوویداوە و ئەو کەسانەی دەستیان هەبووە لە ڕووداوەکەدا نەناسراون. لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت کەس بریندار نەبووە و " کاردەکەین بۆ دۆزینەوەی هەموو ڕاستییەکان."

وەزیری بەرگری سڕبیا و سەرۆک ئەرکانی سوپای سڕبیا سەردانی سنووری وڵاتەکەیان کرد لەگەڵ کۆسۆڤۆدا، ستایشی ئامادەیی هێزەکانی سڕبیایان کرد بۆ شەڕکردن، هەروەها ستایشی کەلوپەلە سەربازییەکانیشیان کرد، لەوانەش هاویتزەر و ئامێرە سەربازییەکانی دیکە. سڕبیا کە ڕووسیا یارمەتیداوە لە ڕووی سەربازییەوە، ماوەیەکە هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز دەکات دژی کۆسۆڤۆ کە پێشتر هەرێمێکی سڕبیا بوو.

دوابەدوای جەنگەکەی ساڵانی 1998-1999 کە بەهۆی دەستوەردانی ناتۆوە کۆتایی پێهات، ‌لە ناوچەی باڵکاندا هێشتا کۆسۆڤۆ گرژیی تێدایە، لە ساڵی 2008 دا کۆسۆڤۆ سەربەخۆیی خۆی لە سڕبیا ڕاگەیاند، بەڵام سڕبیا هێشتا دانی پێدانەناوە، تاوەکو ئێستاش هەوڵەکانی ڕۆژئاوا بۆ نێوەندگریکردن لە نێوان دوو وڵاتەکەدا شکستییان هێناوە.

هێزەکانی ئاشتی پارێزی ناتۆ لە کۆسۆڤۆ لە بەیاننامەیەکدا وتی " گرنگە بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان خۆیان بە دووربگرن لە هەر لێدوان و کارێک کە ببێتە هۆی گرژی و پەرەسەندنی دۆخەکە. پێشبینی دەکەین سەرجەم لایەنەکان خۆیان بە دووربگرن لە دەرخستنی وروژێنەرانەی هێز و هەوڵدان بۆ باشترین چارەسەر کە دڵنیایی بدات لەسەر پارێزراوی و ئاسایشی سەرجەم خەڵکەکە."

لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا ترس و نیگەرانی لە کەوتنەوەی توندوتیژی لە نێوان کۆسۆڤۆ و سڕبیادا زیادیکردووە. ئەمەریکا و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دانیان بە سەربەخۆیی کۆسۆڤۆدا ناوە، هاوکات سڕبیا پشتی بە ڕووسیا و چین بەستووە لە هەوڵەکانیدا لەسەر پرسی کۆسۆڤۆ.

گرژییەکان لە کۆسۆڤۆ لەم هەفتە و مانگانەی ڕابردوودا زیاتر بوون، ئەوەش بەهۆی چەندین پرسەوە لە نێوەندی هەوڵە نێودەوڵەتییەکاندا بۆ زیادکردنی هەوڵەکانی نێوەندگری لە نێوانیاندا. لەمدواییانەدا سڕبییەکانی باکووری کۆسۆڤۆ وەکو ناڕەزایی دەربڕینێک لەسەر دەستگیرکردنی ئەفسەرێکی پۆلیسی پێشووی سڕبی ڕێگاکانیان گرت.

سڕبییەکانی کۆسۆڤۆ پێشتر لە دامەزراوەکانی کۆسۆڤۆ هاتوونەتە دەرەوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن لەلایەن بەرپرسانی کۆسۆڤۆوە هەراسان کراون. سڕبیا چەند جارێک هۆشداریداوە لەسەر ئەوەی سڕبییەکانی کۆسۆڤۆ " بە هەر شێوازێک بێت " دەپارێزێت ئەگەر هێرشییان بکرێتەسەر.

لە ساڵی 1999 دا دوابەدوای ئەوەی ناتۆ بۆردومانی سڕبیای کرد تاوەکو کۆسۆڤۆ جێبهێڵێت، هێزەکانی ناتۆ چوونە ناو کۆسۆڤۆوە. حکومەتی کۆسۆڤۆ داوای لە هێزەکانی ناتۆ کردووە بەربەستی ڕێگاکان لاببات.

ڕۆژی دووشەممە سەرۆک وەزیری کۆسۆڤۆ ئالبین کورتی و فەرماندەی هێزەکانی ئاشتی پارێزی ناتۆ جەنەڕاڵ ئەنجێلۆ میشێل ڕیستوچیا و بەرپرسی کارەکانی یەکێتی ئەوروپا لارس گونار ویگەرمارک کۆبوونەوە و تاوتوێی دۆخەکەیان کرد.

ئۆفیسی کورتی وتی " دەرەنجامی ئەم کۆبوونەوەیە ئەوە بوو دەبێت ئازادی هاتوچۆکردن بگەڕێندرێتەوە و نابێت هیچ بەربەستێک لەسەر هیچ ڕێگایەک هەبێت."

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG