Accessibility links

پوتن دەڵێت ڕووسیا ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئۆکرانیا


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن
سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن

سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت ڕووسیا ئامادەیە لەگەڵ سەرجەم ئەو لایەنانەی کە بەشدارن لە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیادا گفتوگۆ بکات، بەڵام " کیێڤ و پشتیوانیکارە ڕۆژئاواییەکانی ڕەتییان کردۆتەوە گفتوگۆ بکەن ".

لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا کوشندەترین جەنگ بووە لە ئەوروپادا. هەروەها لە دوای قەیرانی موشەکی 1962 ەوە گەورەترین ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان و ڕووسیا و ڕۆژئاوایە.

کرێملن دەڵێت ڕووسیا تاوەکو ئەو کاتەی سەرجەم ئامانجەکانی بە دەست دەهێنێت شەڕ دەکات، هاوکات کیێڤ دەڵێت پشوو نادات تاوەکو ئەو کاتەی کە سەرجەم سەربازە ڕووسییەکان خاکی ئۆکرانیا جێدەهێڵن، بە کرایمیاشەوە کە مۆسکۆ لە ساڵی 2014 لکاندی بە ڕووسیاوە.

پوتن لە چاوپێکەوتنێکدا بە کەناڵی تەلەفیزیۆنی ڕووسیا 1 ی وت " ئێمە ئامادەین گفتوگۆ لەگەڵ هەموو بەشداربوواندا بکەین سەبارەت بە چارەسەرێکی پەسەندکراو، بەڵام ئەوە بەندە بە ئەوانەوە، ئەوە ئێمە نین گفتوگۆ ڕەت دەکەینەوە، ئەوان ڕەتی دەکەنەوە."

لەم مانگەدا بەڕێوبەری دەزگای هەواڵی ناوەندی ئەمەریکا ویلیام بێرنس لە چاوپێکەوتنێکدا وتی لە کاتێکدا کە زۆربەی ململانێکان بە گفتوگۆ کۆتاییان دێت، بەپێی هەڵسەنگاندنەکانمان ڕووسیا تاوەکو ئێستا جددی نەبووە لە ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی ڕاستەقینە بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە.

ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی ئۆکرانیا میخایلۆ پۆدۆلیاک وتی پوتن پێویستە بگەڕێتەوە بۆ سەر ڕاستی و دان بەوەدا بنێت کە ئەوە ڕووسیایە هیچ گفتوگۆکردنێکی ناوێت.

پۆدۆلیاک وتی " ڕووسیا بە تەنها هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و هاوڵاتیانی مەدەنی دەکوژێت. ڕووسیا گفتوگۆکردنی ناوێت، بەڵام هەوڵ دەدات خۆی بدزێتەوە لە بەرپرسیارێتی."

پوتن وتی ڕووسیا " بە ئاڕاستە دروستەکەدا " مامەڵە دەکات لە ئۆکرانیا چونکە ڕۆژئاوا هەوڵ دەدات ڕووسیا لە ناوببات. واشنتن ڕەتی دەکاتەوە پلانی ڕووخانی ڕووسیای داڕشتبێت.

پوتن وتی " باوەڕم وایە ئێمە بە ئاڕاستە دروستەکە مامەڵە دەکەین، ئێمە بەرگری لە بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکانمان دەکەین، بەرژەوەندی دانیشتوانمان، گەلەکەمان. جگە لە پاراستنی دانیشتوانمان هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نیە."

کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا ئاستی ململانێ جیۆسیاسییەکانی ڕووسیا لەگەڵ ڕۆژئاوا نزیک بۆتەوە لە ئاستێکی مەترسیدار، پوتن وتی " پێم وانیە ئەوەندە مەترسیدار بێت."

پوتن وتی ڕۆژئاوا لە ساڵی 2014 دا ململانێکەی دەستپێکرد، ئەوەش بە لابردنی سەرۆکێکی لایەنگری ڕووسیا لە خۆپیشاندانەکانی شۆڕشی مەیداندا.

بە زوویی دوای شۆڕشەکە، مۆسکۆ نیمچە دوورگەی کرایمیای ئۆکرانیای لکاند بە ڕووسیاوە و هێزە جیاخوازەکانی ئۆکرانیا کە ڕووسیا پشتیوانیان لێدەکات دەستیان کرد بە شەڕکردن دژی هێزەکانی ئۆکرانیا لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا.

پوتن وتی " لە ڕاستیدا گرنگترین شت لێرەدا سیاسەتی جیۆسیاسیی ڕکابەرەکانمانە کە ئامانج لێیان لە یەکتر جیاکردنەوەی ڕووسیایە، ڕووسیای مێژوویی."

پوتن ڕووسیای بە " وڵاتێکی نموونەیی " ناوبرد و وتی زۆرینەی دانیشتوانەکەی یەکگرتوون و دەیانەوێت بەرگری لێبکەن.

وتی " سەبارەت بەوەش، لە سەدا 99.9 ی دانیشتوانمان، گەلەکەمان ئامادەن هەمووشتێک بدەن لە پێناو بەرژەوەندی خاکی دایکدا، لێرەدا بۆ من هیچ شتێکی نائاسایی نیە."

وتی " ئەمە جارێکی دیکە باوەڕم پێدەهێنێت کە ڕووسیا وڵاتێکی نموونەییە و خەڵکێکی نموونەییمان هەیە. ئەمە بە درێژایی مێژووی بوونی ڕووسیا پشتڕاست کراوەتەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG