Accessibility links

ڕووسیا: یان ئەوەتا ئۆکرانیا داواکانمان جێبەجێ دەکات یان سوپاکەمان جێبەجێی دەکات


وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ

ڕۆژێک دوای ئەوەی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن وتی ڕووسیا کراوەیە بە ڕووی گفتوگۆکاندا لەسەر ئۆکرانیا، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ وتی کیێڤ و ڕۆژئاوا دەیانەوێت ڕووسیا لە ناوببەن و ئۆکرانیاش دەبێت داواکانی ڕووسیا جێبەجێ بکات ئەگەر نا ئەوا سوپای ڕووسیا جێبەجێیان دەکات.

کیێڤ و ڕۆژئاوا پێشنیارەکانی ڕووسیایان بۆ گفتوگۆکردن ڕەت کردۆتەوە، لە کاتێکدا کە هێزەکانی ڕووسیا شارۆچکەکانی ئۆکرانیا بە موشەک و ڕۆکێت بۆردومان دەکەن و مۆسکۆ بەردەوام داوا لە ئۆکرانیا دەکات دان بنێت بە داگیرکردنی پێنج یەکی ئۆکرانیادا لەلایەن ڕووسیاوە.

کیێڤ دەڵێت شەڕ دەکات تاوەکو ئەو کاتەی ڕووسیا دەکشێتەوە.

دەزگای هەواڵی تاسی ڕووسی لە زاری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤەوە بڵاویکردەوە " دوژمن بە باشی دەزانن پێشنیارەکانمان چین، داماڵینی سەربازی و لە ناوبردنی نەتەوە پەرستەکانی ئەو ناوچانەی کە لەلایەن ڕژێمەکەوە کۆنتڕۆڵ کراوە، هەروەها لە ناوبردنی مەترسییەکانی سەر ئاسایشی ڕووسیا لەو ناوچانەوە، بە خاکە نوێیەکانیشمانەوە."

وتی " مەبەستەکە سادەیە، لە پێناو باشی خۆتاندا جێبەجێیان بکەن. ئەگەر نا پرسەکە لەلایەن سوپای ڕووسیاوە بڕیاری لەسەر دەدرێت."

لە مانگی دووی ئەم ساڵدا ڕووسیا داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا دەستپێکرد، مۆسکۆ بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناوی دەبات و دەڵێت ئامانج لێی لە ناوبردنی توانا سەربازییەکانی ئۆکرانیا و نەتەوە پەرستەکانی ئەو وڵاتەکەیە کە " مەترسیین بۆ سەر ڕووسیا."

کیێڤ و ڕۆژئاوا دەڵێن داگیرکارییەکەی پوتن تەنها لە پێناو داگیرکردنی خاکدا بووە. ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی سزای توندییان بەسەر ڕووسیادا سەپاند و بە ملیاران دۆلار یارمەتی حکومەتی ئۆکرانیایاندا.

تەنها هەفتەی ڕابردوو کاتێک سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی سەردانی واشنتنی کرد، ئەمەریکا 1.85 ملیار دۆلار یارمەتی سەربازیی دیکەی بۆ ئۆکرانیا ڕاگەیاند، یەکێک لە یارمەتییەکان گواستنەوەی سیستمێکی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت بوو بۆ ئۆکرانیا، ئەوەش ڕووسیای توڕە کرد.

لاڤرۆڤ بە تاسی وت " ئەوە شاراوە نیە بۆ هیچ کەسێک کە ئامانجی ستراتیژی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ناتۆ شکستپێهێنانی ڕووسیایە لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا، ئەوەش وەکو میکانیزمێک بۆ لاوازکردنی وڵاتەکەمان بە شێوەیەکی بەرچاو یاخود تەنانەت لە ناوبردنی وڵاتەکەمان."

جەنگەکە لە ئێستادا گەیشتۆتە یانزە مانگ و ڕووسیاش لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا کۆمەڵێک شکستی هێناوە، هەروەها بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس زیانێکی گەورەی بە ژێرخانی وزە و شار و شارۆچکەکانی ئۆکرانیا گەیاندووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG