Accessibility links

سەرچاوەیەک دەڵێت ئەڵمانیا بە نیازە ڕەوانەکردنی تانکی لیۆپاردی 2 بۆ ئۆکرانیا پەسەند بکات


تانکی لیۆپارد، سلۆڤاکیا
تانکی لیۆپارد، سلۆڤاکیا

سەرچاوەیەکی نزیک لە بابەتەکەوە بە ڕۆیتەرزی وت ئەڵمانیا بڕیاریداوە تانکی لیۆپاردی 2 ڕەوانەی ئۆکرانیا بکات تاوەکو یارمەتی ئەو وڵاتە بدات ڕووبەڕووی داگیرکارییەکەی ڕووسیا ببێتەوە و ڕێگە بە وڵاتانی دیکەی وەکو پۆڵەندا بدات هەمان شت بکەن. هاوکات ئەمەریکاش ڕەنگە تانکی ئابرامز بدات بە ئۆکرانیا.

تاوەکو ئێستا وتەبێژی حکومەت و وەزارەتی دەرەوە و بەرگری ئەڵمانیا لێدوانییان لەسەر ئەو بابەتە نەداوە.

کیێڤ چەند مانگێکە داوای تانکەکانی ڕۆژئاوا دەکات و دەڵێت زۆر پێویستی پێیانە تاوەکو هێزی تەقەکردنی هێزەکانی وڵاتەکە و جوڵەیان زیاتر ببێت بۆ شکاندنی هێڵەکانی بەرگری ڕووسیا و گرتنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیا لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا.

ڕۆژی سێشەممە ئۆکرانیا چەندین بەرپرسی باڵای وڵاتەکەی دوورخستەوە، لەوانەش فەرمانڕەواکانی کۆمەڵێک لەو هەرێمانەی کە شەڕییان تێدایە، ئەوەش وەکو بەشێک لە هەڵمەتی دژە گەندەڵیدا کە حکومەتەکەی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی دەستی پێکردووە و پێویستە بۆ ئەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەردەوام بن لە پشتیوانییەکانیان بۆ ئۆکرانیا.

لە ماوەی ڕابردوودا پۆڵەندا بە فەڕمی داوای لە حکومەتی ئەڵمانیا کرد ڕێگە بدات هەندێک لە تانکە لیۆپاردەکانی بدات بە ئۆکرانیا، ئەوەش فشارێکی دیکە بوو لەسەر بەرلین تاوەکو بڕیار بدات لەسەر پەسەندکردنی دووبارە گواستنەوەی تانکەکان بۆ وڵاتێکی دیکە.

تانکی لیۆپارد دروستکراوی ئەڵمانیایە و زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا ئەو جۆرە تانکەیان هەیە. گواستنەوەی ئەو تانکانە لەو وڵاتانەوە بۆ وڵاتی سێیەم پێویستی بە ڕەزامەندی ئەڵمانیا هەیە. هەروەها بە گونجاوترین تانکی شەڕکەر دادەنرێن بۆ جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا.

سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەڵمانیا وتی بڕیاری ڕەوانەکردنی تانکەکان بڕیارێکی سیاسییە. بەرپرسێکی باڵای حکومەتی ئەڵمانیا وتی لە کۆتاییدا بڕیارەکە لەلای ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز و کابینەکەیەتی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG