چین دەڵێت لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 10 باڵۆنی بەرزفڕی ئەمەریکی بەبێ مۆڵەت بەسەر ئاسمانی وڵاتەکەدا فڕیون، ئەمەش دوای ئەوەی واشنتن پەکینی تۆمەتبار کرد بەوەی سەرپەرشتی یەکەیەکی باڵۆنی چاودێری دەکات لە سەرانسەری جیهاندا. ئەمەریکا ڕەتی کردۆتەوە هیچ باڵۆنێکی چاودێری ڕەوانەی ئاسمانی چین کردبێت.
تۆمەتەکەی چین دوای ئەوە هات ئەمەریکا باڵۆنێکی گومانلێکراوی هەواڵگری چینی بەسەر ئاسمانی ساوث کارۆلایناوە خستە خوارەوە، ئەوەش بووە هۆی خراپتر بوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە کە لە ئێستادا لە نزمترین ئاستدایە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین وانگ وێنبین هیچ وردەکارییەکی نەدا لەسەر ئەو باڵۆنە ئەمەریکییانەی کە چین باسی لێوە دەکات، هیچ ئاماژەیەکیشی نەدا لەسەر ئەوەی چین چۆن مامەڵەی لەگەڵدا کردوون یاخود ئایا باڵۆنەکان پەیوەندییان بە حکومەت و سوپاوە هەبووە یاخود نا.
وانگ وتی " ئەوە زۆر باویشە بۆ باڵۆنەکانی ئەمەریکا بە شێوەیەکی نایاسایی بچنە ناو ئاسمانی وڵاتانی دیکەوە. لە ساڵی ڕابردووەوە باڵۆنە بەرزفڕەکانی ئەمەریکا زیاتر لە 10 جار بە شێوەیەکی نایاسایی بەسەر ئاسمانی چیندا فڕیون، بەبێ مۆڵەتی بەرپرسانی چین."
چین دەڵێت ئەو باڵۆنەی ئەمەریکا خستییە خوارەوە کەشتییەکی ئاسمانی بووە و بۆ توێژینەوەی کەشناسی بەکارهاتووە و هەوا لە ئاڕاستەکەی لایبردووە. وتیشی ئەمەریکا زیادەڕۆیی کردووە لە خستنە خوارەوە باڵۆنەکەدا و وەکو وەڵامێک ڕێوشوێنی نادیاریکراو دەگرێتەبەر.
لە واشنتن، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەرکا ئادریان واتسن وتی هەر بانگەشەیەک لەسەر ئەوەی گوایە حکومەتی ئەمەریکا باڵۆنی چاودێری بەسەر چیندا بردبێت ڕاست نیە.
واتسن وتی " ئەوە چینە کە پڕۆگرامی باڵۆنی بەرزفڕی چاودێری هەیە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری و پەیوەستە بە سوپای چینەوە، سوپای چینیش بەکاریهێناوە بۆ پێشێلکردنی سەروەری ئەمەریکا و زیاتر لە 40 وڵاتی دیکەی سەرانسەری پێنج کیشوەر."
وتیشی " ئەمە نوێترین نموونەیە لەسەر ئەوەی چین هەوڵ دەدات کۆنتڕۆڵی زیانەکان بکات. چەندین جار وتوویەتی ئەو باڵۆنەی بەسەر ئەمەریکادا بردی بۆ مەبەستی کەش و هەوا بووە و تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە ڕوونکردنەوەیەکی متمانەپێکراو بدات بۆ ئەم دزەکردنەیان بۆ ناو ئاسمانی ئەمەریکا و ئاسمانی وڵاتانی دیکەش."
سەرچاوە/ AP