Accessibility links

سوپای ئەمەریکا بە شوێن پاشماوەی باڵۆنە هەواڵگرییە چینییەکەدا دەگەڕێت


سوپای ئەمەریکا دەڵێت بە شوێن پاشماوەی ئەو باڵۆنە گومانلێکراوەی چیندا دەگەڕێت کە لە ماوەی ڕابردوودا خستییە خوارەوە.

فەرماندەی سەرکردایەتی بەرگری ئاسمانی ئەمەریکای باکوور و سەرکردایەتی باکووری ئەمەریکا جەنەڕاڵ گلێن ڤان هێرک وتی هێزی دەریایی ئەمەریکا کار دەکات بۆ دۆزینەوەی باڵۆنەکە و هێزەکانی پاسەوانی کەنار دەریا ئاسایشی ئۆپەراسیۆنەکەیان دابین کردووە.

دۆزینەوەی باڵۆنەکە بە شێوەیەکی سەرکەوتوو ڕەنگە بەرچاو ڕوونییەک بدات بە ئەمەریکا لەسەر تواناکانی سیخوڕی چین، سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی ئەمەریکا کاریگەریی باڵۆنەکەیان لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا بە کەم زانیوە.

ڕۆژی شەممە فڕۆکەیەکی شەڕکەری هێزی ئاسمانی ئەمەریکا باڵۆنەکەی بەسەر کەناری ساوث کارۆلاینادا خستە خوارەوە، ئەمەش هەفتەیەک دوای ئەوەی باڵۆنەکە لە نزیک ئەلاسکاوە هاتە ئاسمانی ئەمەریکاوە. ڤان هێرک وتی ڕووداوەکە بەسەر سنووری ئاوی ئەمەریکادا ڕوویداوە.

یاسادانەرانی کۆمارییەکان ڕەخنەیان لە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن گرت لەسەر ئەوەی چەند ڕۆژێک چاوەڕێی کردووە ئینجا باڵۆنەکەی خستۆتە خوارەوە، لە کاتێکدا کە باڵۆنەکە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەسەر ئاسمانی ئەمەریکاوە بووە. کۆمارییەکان بایدنییان تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی پیشاندانی لاوازی بەرامبەر چین و لە سەرەتادا هەوڵدانیان بۆ شاردنەوەی پێشێلکردنی سنووری ئاسمانی ئەمەریکا.


سیناتۆری کۆمارییەکان و ئەندامی لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا تۆم کۆتۆن وتی " پێم وایە بەشێکی هۆکارەکە دوودڵی سەرۆک بوو لەوەی کارێک بکات کە وەکو کارێکی وروژێنەر و ڕووبەڕووبوونەوە بەرامبەر کۆمیونیستەکانی چین سەیر بکرێت."

دیموکراتەکان دەڵێن بڕیارەکەی بایدن بۆ چاوەڕوان کردن بۆ خستنە خوارەوەی باڵۆنەکە هاوڵاتیانی مەدەنی لە پاشماوەی باڵۆنەکە پاراستووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG