ڕۆژی شەممە ئەمەریکا باڵۆنێکی گومانلێکراوی هەواڵگری چینی بەسەر کەناری کارۆلاینادا خستە خوارەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بالۆنەکە بەسەر کۆمەڵێک شوێنی سەربازیی سەرانسەری ئەمەریکای باکووردا فڕی. چین جەختی لەوە کردەوە فڕینی باڵۆنەکە بەسەر ئاسمانی ئەمەریکادا ڕووداوێک بووە و کەشتییە ئاسمانییەکە بۆ هۆکاری مەدەنی بەکارهێندراوە. هەروەها وتی کاردانەوەی دەبێت.
لە وەڵامی خستنە خوارەوەی باڵۆنەکەدا، چین وتی مافی خۆیەتی " ڕێوشوێنی زیاتر بگرێتەبەر " و ڕەخنەی لە ئەمەریکا گرت بۆ " ئەو کاردانەوە زیاد لە پێویستە و پێشێلکردنی جددی پراکتیکە نێودەوڵەتییەکان."
ڕۆژی یەکشەممە وەزارەتی دەرەوەی چین لە بەیاننامەیەکدا وتی " چین مافە ڕەوا و بەرژەوەندییەکانی کۆمپانیا پەیوەندیدارەکە دەپارێزێت، لە هەمان کاتیشدا مافی خۆیەتی ڕێوشوێنی زیاتر وەکو وەڵامێک بگرێتەبەر." وتیشی " چین مافی خۆیەتی ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی هاوشێوەدا."
فڕینی باڵۆنەکە بەسەر ئاسمانی ئەمەریکادا زیانێکی گەورەی بە پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و چین گەیاند، کە چەندین ساڵە گرژییان تێکەوتووە. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکنیش سەردانە دەگمەنەکەی بۆ چین هەڵوەشاندەوە.
سەرۆک بایدن وتی " سەرکەوتووانە خستیانە خوارەوە و دەمەوێت ستایشی ئەو فڕۆکەوانانەمان بکەم کە ئەو کارەیان کرد."
سەرچاوە/ AP