Accessibility links

ئەمەریکا مەشقی سەربازی لە دەریای باشووری چیندا ئەنجام دەدات


هێزی دەریایی و مارێنزی ئەمەریکا مەشقێکی سەربازیی هاوبەش لە دەریای باشووری چیندا ئەنجام دەدەن، لە کاتێکدا کە گرژییەکان لەگەڵ پەکین لەسەر خستنەخوارەوەی باڵۆنە گومانلێکراوە هەواڵگرییەکەی چین بەسەر ئەمەریکادا زیاتر بووە.

کەشتیگەلی حەوتی ئەمەریکا کە بنکەکەی لە ژاپۆنە وتی کەشتی فڕۆکە هەڵگری یو ئێس ئێس نیمیتز و 13 یەکەی گەشتیاری هێزەکانی مارێنز " ئۆپەراسیۆنێکی یەکگرتوویی هێزی هێرشبەرییان " لە دەریای باشووری چیندا ئەنجام داوە.

وتیشی مەشقەکە کەشتی و هێزی پیادە و فڕۆکەی لە خۆگرتووە ڕۆژی شەممە ئەنجامدراوە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی نەدا لەسەر ئەوەی کەی مەشقەکە دەستیپێکردووە یاخود ئایا کۆتایی هاتووە یان نا.

چین بانگەشەی ئەوە دەکات سەرانسەری دەریای باشووری چین سەر بە وڵاتەکەیە، هەروەها بە توندی دژایەتی چالاکییە سەربازییەکانی وڵاتانی دیکە دەکات لە ڕێڕەوە ئاوییەکەدا کە ساڵانە بڕی 5 تریلیۆن شتومەکی پیادا تێپەڕ دەبێت.

ئەمەریکا هیچ هەڵوێستێکی فەڕمی وەرنەگرتووە سەبارەت بە سەروەری لە دەریای باشووری چیندا، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە دەبێت ئازادی هاتوچۆ بە ناو دەریاکە و گەشتەکان بەسەریدا بپارێزرێت. ساڵانە چەندین جار کەشتی ڕەوانەی دەریاکە دەکات و بە بەردەم خاڵە سەربازییەکانی چیندا لە دوورگەکانی سپراتلیدا تێدەپەڕن، ئەوەش ناڕەزایی چینی لێدەکەوێتەوە.

مەشقە سەربازییەکەی ئەمەریکا پێش وەخت پلانی بۆ داندراوە. بەڵام لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان واشنتن و پەکین خراپتر بوون، ئەوەش بەهۆی فڕینی باڵۆنێکی هەواڵگری چینی بەسەر ئاسمانی ئەمەریکاوە کە دواتر فڕۆکەیەکی شەڕکەری ئەمەریکی بەسەر ئاسمانی کەناری ساوث کارۆلاینادا خستییە خوارەوە.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG