Accessibility links

ڕێبەرانی گروپی 7 شکستیان هێنا بۆ گۆڕینی دوا وادەی کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان


هاوپەیمانانی ئەمەریکا دەڵێن هیچ بژاردەیەکی تریان نییە جگە لەوەی پەیڕەوی خشتەی ئەمەریکا بکەن و سەربازەکانیان هەتا 31 ی ئەم مانگە لە ئەفغانستان بکشێننەوە، سەرەڕای ئەو مەترسییانەی کە يڕنگە هەمو کەسێک نەتوانێت لەو کاتەدا لەو ماوەیەدا لە ئەفغانستان دەربچێت.

چەندین وڵاتی هاوپەیمانی ناتۆ سەرقاڵی دەربازکردنی هاووڵاتیانیانن لە فڕۆکەخانەی کابوڵ، هەروەها هەوڵیش دەدەن ئەو ئەفغانیانەش بگوازنەوە کە شانبەشانیان کاریان کردووەو ئێستا ژیانیان لە مەترسیدایە.

بەریتانیا کە لە ئێستادا سەرۆکایەتی بەنۆبەی گروپی 7 وڵاتی پێشکەوتووی ئابوری دەکات، داوای کۆبونەوەیەکی خێرایی گروپەکەی کرد لە ڕۆژی سێشەممە بۆ تاوتوێکردنی ئەم قەیرانە. زۆربەی ڕێبەرانی وڵاتانی گروپی 7 داوایان لە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن کرد تا دوا مۆڵەتی کشانەوەی هێزەکان کە بڕیارە 31 ی ئەم مانگە بێت درێژبکاتەوە.

هەرچەندە لە وتارێکی تەلەفیزیۆنی ڕۆژی سێشەممە پاس کۆبونەوەی گروپی 7، سەرۆک بایدن ڕوونی کردەوە کە ئەمەریکا وابەستەی ئەو کاتە دیاری کراوەیە بۆ کشانەوەکە. ئەو گوتی " هەرچی زووترە کۆتاییپێبهێنین باشترە. هەر ڕۆژێکی زیاتری ئۆپەراسیۆنەکان مەترسییەکی زیاتر بۆ سەربازەکانمان زیاد دەکات."

سەرۆک جۆو بایدن گوتیشی " تەواوکردنی کشانەوەکە هەتا 31 ی هەشت دەکەوێتە سەر بەردەوامی هەماهەنگییەکانی تاڵیبان بۆ ڕێگەدان بەوەی کە خەڵکی بگەنە نێو فڕۆکەخانەی کابوڵ تا لەوێوە بگوازرێنەوە، بەبێ ئەوەی کۆسپ لەبەردەم ئۆپەراسیۆنەکانمان دروست بکەن. جگە لەمەش من داوام لە پەنتاگۆن و وەزارەتی دەرەوە کردووە بۆ پلانی هەموارکردنەوەی خشتەی کاتەکە ئەگەر پێویست بکات."

پرۆفیسۆر ئەندرو بێڵ لە بەشی لێکۆڵینەوەی نێونەتەوەیی زانکۆی ئیندیانا کە لە نێو لەشکری ئەمەریکا لە ئەفغانستانیش خزمەتی کردووە دەڵێت هێزی ئەمەریکا پێویستە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی گواستنەوە.

بێڵ بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئەوان ئەو توانایی ئاساییشییە دابین دەکەن کە بە دڵنیاییەوە لە پێکهاتە بچووکەکاندا دەتوانرێت لەلایەن هەندێک لە هاوپەیمانەکانی ناتۆوە دابین بکرێت، بەڵام بە ڕاستی، کڕۆکی ئەم تواناییە لەلایەن سوپای ئەمەریکاوە و بۆ بەردەوامی ئەرکەکە لە ڕاستیدا پشت بە تواناکانی ئەوان دەبەسترێت."

سەربازێکی هێزی مارینزی ئەمەریکا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حامید کارزای لە کابوڵ لەگەڵ دوو منداڵ. سێشەممە 24 ی هەشتی 2021
سەربازێکی هێزی مارینزی ئەمەریکا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حامید کارزای لە کابوڵ لەگەڵ دوو منداڵ. سێشەممە 24 ی هەشتی 2021

تاڵیبان گوتویەتی ڕێگەنادات کاتەکە زیاتر لە 31 ی مانگی هەشت درێژبکرێتەوە. بۆیە هاوپەیمانانی ئەمەریکا دەڵێن هیچ بژاردەیەکی تریان نییە جگە لەوەی بە پێی ئەو خشتەیە بڕۆن.

سەرۆک وەزیری بەریتانیا بۆریس جۆنسن دەڵێت هێزەکانی بەریتانیا هەتا ڕۆژی سێشەممە 9 هەزار کەسیان لە ئەفغانستانەوە گواستووەتەوە.

لە میانەی کۆبونەوەوە لوتکەییەکەی ڕۆژی سێشەممە جۆنسن بە پەیامنێرانی گوت " ئێمە تا دوا ساتی بتوانین بەردەوام دەبین. بەڵام بیستتان کە سەرۆکی ئەمەریکا چی دەڵێت و تاڵیبانیش چی گوتووە. وابزانم پێویستە لەو چوارچێوەیە تێبگەن کە ئێمەئەم کارەی تێدا دەکەین. ئێمە متمانەما بەوە هەیە هەزاران کەسی تریش دەرباز دەکەین، بەڵام بارودۆخی فڕۆکەخانەکە باشتر نابێت، کێشەی فەرمانی گشتی هەیە، دیمەنێکی زۆر ناخۆشە بۆ ئەوانەی کە هەواڵی دەرچوون دەدەن و بۆ لەشکری ئێمەش سەختە."

جۆنسن گوتی ڕێبەرانی گروپی 7 لەسەر هەنگاوی هاوبەشی داهاتوو ڕێککەوتوون. ئەو گوتیشی " ئێمە زلهێزانی ڕۆژئاوایی لەگەڵ یەکبووین و کۆک بوین لەسەر ئەوەی نەک تەنها ڕێبازێکی هاوبەش بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گواستنەوەکە بگرینەبەر، بەڵکو نەخشەڕێگایەکیش ەک چۆن لەگەڵ تاڵیباندا مامەڵە بکرێت، لە کاتێکدا کە ڕەنگە حکومەتێکی تاڵیبان لە کابوڵ جێگیر ببێت."

جۆنسن بە پەیامنێرانی گوت گروپی 7 مەرجی بۆ ڕێڕەوێکی پارێزراو وەکو ئەرکی سەرەکی بۆ ئەو کەسانە داناوە کە دەیانەوێت دەربچن " ئێستا هەندێکیان دەڵێن ئەوە قبوڵ ناکەن، و هیوادارم هەندێکیان هەست بەوە بکەن کە گروپی 7 بایەخی زۆری ئابوری، دیپلۆماسی و سیاسی هەیە."

چەندین وڵاتی گروپی حەوت بەڵێنی زیادکردنی هاوکاری مرۆیی و هاوکاری داراییان بۆ ئەفغانستان و دراوسێکانی کردووە. لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕۆژی سێشەممە سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ئەرسولا ڤۆن دەرلێین گوتی یەکێتییەکەبە مەرج 1.2 ملیار دۆلاری تەرخان کردووە بۆ حەوت ساڵی داهاتووی ئەفغانستان بۆ هاوکاری بونیاتنانەوە داناوە. ئەو گوتی "من و زۆرێک لە ئەوانی تر جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە هاوکارییەکانی گەشەپێدانی داهاتوو لەسەر بنەمای مەرج بێت. هەمیشە ئەو مەرجانە دەبەسترێتەوە بە بەها بنچینەییەکانی مافەکانی مرۆڤ. ئەم یارمەتییە (1.2 ملیار دۆلار) ئێستا سڕکراوە تا ئەو کاتەی ئێمە گرەنتی پتەو و کرداری باوەڕپێکراومان دەبێت کە ئەو مەرجانە جێبەجێ دەکرێن."

ئەوروپاییەکان نیگەرانیان لەمەڕ درەنجامە درێژخایانەکانی کشانەوەی ڕۆژئاوا لە ئەفغانستان هەیە. چارڵش مشێل سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا دەڵێت ئەوروپا ناهێڵێت قەیرانێکی تری پەنابەران ڕووبداتەوە. ئەو گوتی " ئێمە لەگەڵ وڵاتانی هەرێمەکەدا کاردەکەین بەتایبەتی لەگەڵ ئێران، پاکستان و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست بۆ چارەسەرکردنی پێداویستییە سەختەکان. پاراستنی نێونەتەوەیی پێویستە بۆ ئەوانەی ڕووبەڕووی ئەشکەنجە دەبنەوەو بۆ ئەو ئەفغانیانەی ژیانیان لە مەترسیدایە."

لە ئێستادا سەرنجی ئەمەریکا و هاپەیمانەکانی لەسەر ڕۆژە سەخت و مەترسیدارەکانی داهاتووە، لە کاتێکدا هەڵمەتەکانی گواستنەوەی خەڵکی بەردەوامە هاوکاتی بێسەروبەری و پشێوی لە فڕۆکەخانەی کابوڵ. بەڵام شارەزایان دەڵێن ناڕوونی کشانەوەی ئەمەریکا هاوپەیمانانی ئەوبەری ئەتلانتیکیشی خستووەتە تاقیکردنەوەوە.

بێڵ لە زانکۆی ئیندیانا دەڵێت " لە بۆ ماوەیەکی کورت، بێگومان ئەمە هەندێک ناکۆکی دروست دەکات. پێویست بوو پردەکان لە پاش سەردەمی ترامپ پتەوبکرێنەوە، بەڵام پێم وا نییە کاریگەرییەکی درێژدەمی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و هاوپەیمانان هەبێت."

XS
SM
MD
LG