Accessibility links

تاڵیبان دەڵێت ناخوازێت ئەفغانییەکان وڵاتەکەیان بەجێبهێڵن


گوتەبێژی سەرەکی گروپی چەکداری تاڵیبان ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند تاڵیبان چاوەڕوان دەکات گواستنەوە بیانییەکان لە کابوڵ هەتا کۆتایی ئەم مانگە تەواوببێت و داوای لە ئەفغانییەکان کرد لە وڵاتەکەیان بمێننەوە تا بونیاتی بنێنەوە.

زەبیحوڵا موجاهین ڕایگەیاند تاڵیبان قائیل نەبووە بە مانەوەی هێزە بیانییەکان لە پاش 31 ی مانگی هەشت ئەو دوا مۆڵەتەی کە گوتی لەگەڵ ئەمەریکا ڕێککەوتون لەسەری بۆ کشانەوە لە ئەفغانستان و گوتیشی گروپەکەی دەخوازێت هەموو کشانەوەکان هەتا کۆتایی ئەم مانگە تەواو ببێت.

ئەو گوتی " درێژکردنەوەی ماوەکە لەلایەن ئەمەریکاوە یەکلایەنە بووە" وا دیارە ئەو مەبەستی لە لێدوانەکەی هەفتەی ڕابردووی بایدنە کە گوتی ڕەنگە لە پاش 31 ی هەشتیش بمێننەوە. موجاهید گوتی " ئەمە سەرپێچیکردنە لە ڕێککەوتنەکە. ئێمە دەمانەوێت هەتا 31ی هەشت هەموو بیانییەکان لە ئەفغانستان بکشێننەوە." هەورەها گوتیشی " ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین کە ڕیگە بدەین ئەفغانییەکان بڕۆن."

کاربەدەستێکی ئیدارەی بایدن ڕۆژی سێشەممە گوتی بایدن پێشنیازێکی پەنتاگۆنی بۆ گواستنەوەی سەربازە ئەمەریکاییەکان لە ئەفغانستان هەتا کۆتایی ئەم مانگە پەسەند کردووە، بەڵام بڕیارەکە دەکەوتە سەر ئەوەی کە تاڵیبان تا چەندێک هاوکاردەبێت بۆ ئەوەی ئەمەریکا پرۆسەی گواستنەوەکان تەواوبکات.

ڕوون نییە کە ئایا لێدوانەکەی وتەبێژی تاڵیبان مانای ئەوەیە کە تاڵیبان بە فەرمی دەرچوونی ئەفغانییەکان قەدەغە دەکات یان نا.

بەردەم فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابوڵ 17 ی هەشتی 2021
بەردەم فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابوڵ 17 ی هەشتی 2021

ئەو گوتیشی ئەو خەڵکانەی کە قەرەباڵغییان لە دەرەوەی فڕۆکەخانە دروست کردووە پێویستە بڕۆنەوە ماڵی خۆیان پاراستنیان مسۆگەر دەبێت و داوای لە ئەمەریکاش کرد هانی ئەفغانییە ڕۆشنبیر و مشقپێکراوەکان نەدات وڵاتەکەیان بەجێبهێڵن. موجاهید گوتی " ئێمە پێویستمان بە ئەزمونەکانیانە" گوتیشیهەرکاتێک باری ئاسایش جێگری ببێتەوە ژنان دەتوانن بە ئاسایی بگەڕێنەوە سەر کاری خۆیان.

هەروەها ئەو ڕاپۆرتانەی ڕەتکردەوە کە ئاماژە بەوە دەکەن کە گەڕانی ماڵ بە ماڵ لەلایەن تاڵیبانەوە بەڕێوەدەچێت بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوە و گوتی "ئێمە هەموو شتێکی ڕابردوومان لەبیر کردووە."

موجاهید دووپاتیکردەوە کە تاڵیبان پەیوەندییەکی دیپلۆماسی باشی لەگەڵ وڵاتانی تردا دەوێت و دەخوازێت باڵیۆزخانە بیانییەکان کراوە بمێننەوە.

کۆشکی سپی سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 21 هەزار و 600 کەسی تر دەرکراون، بەڵام هەزاران کەسی تر ماون هێشتا بگوێزرێنەوە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دووپاتی کردووەتەوە کە بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی هەموو ئەو ئەمەریکاییانەی کە دەیانەوێت لە ئەفغانستان دەربچن لەگەڵ ئەفغانییەکانی کە ڕەنگە ژیانیان لەمەترسیدابێت.

XS
SM
MD
LG