Accessibility links

بەڕیتانیا: پێناچێت ماوەی کشانەوە لە ئەفغانستان درێژبکرێتەوە


وەزیری بەرگری بەڕیتانیا بێن واڵاس وتی پێناچێت حکومەتی ئەمەریکا ماوەی کشانەوەی هاوڵاتیانی و ئەفغانیەکان لە فڕۆکەخانەی کابوڵ درێژبکاتەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی حەوتدا ڕووبەڕووی فشار دەبێتەوە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی کشانەوەکە کە تەنها یەک هەفتەی ماوە، هێشتا هەزاران کەس چاوەڕێ دەکەن وڵاتەکە جێبهێڵن.

لەلای خۆشیەوە تاڵیبان ڕایگەیاندووە سەرجەم داواکان بۆ درێژکردنەوەی ئەو ماوەیە بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیان ڕەت دەکاتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە بایدن وتی حەز ناکات ماوەکە درێژ بکاتەوە، بەڵام گفتوگۆ لەو بارەیەوە دەکرێت.

وەزیری بەرگری بەڕیتانیا بێن واڵاس بە سکای نیوزی وت " پێناچێت درێژبکرێتەوە، نەک تەنها لەبەر ڕاگەیاندراوەکەی تاڵیبان، بە بەیاننامەکەی سەرۆک بایدنیشدا دیارە."

وتیشی " بەڵام شایستەی ئەوەیە هەموومان هەوڵی بۆ بدەین، هەوڵیش دەدەین."

واڵاس وتی ئەگەر هێزەکانی ڕۆژئاوا لە 31 ی مانگی هەشتدا وڵاتەکە جێنەهێڵن ئەوا دەکرێت ڕووبەڕووی هێرش ببنەوە بۆ سەر فڕۆکەخانەکە یاخود ڕێگەی فڕۆکەخانە لە خەڵکەکە بگیردرێت.

وتی " ئەگەر هێرش بکرێتە سەر فڕۆکەخانەکە ئەوا دادەخرێت، لەکاتێکدا ئەگەر بە هاوەن لە فڕۆکەخانەکە بدرێت ئەوا ڕووبەڕووی کێشەیەکی گەورەی مرۆیی دەبیتەوە."

واڵاس وتی بەبێ بوونی سوپای ئەمەریکا هەوڵەکانی هێزەکانی بەڕیتانیا بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیان لە فڕۆکەخانەی کابوڵ سەرکەوتوو نابێت.

واڵاس وتی لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا بەڕیتانیا نزیکەی 8,600 کەسی لە ئەفغانستان هێناوەتە دەرەوە، 2000 کەسیان لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا بوون. ئاماژەی بەوەدا " ناتوانین لەو ماوەیەی دیاریکراوە هەمووان بگوازینەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG