Accessibility links

ئەمەریکا دەیەوێت پێش کۆتایی مانگی هەشت کۆتایی بە گواستنەوەی ئەفغانیەکان بهێنێت


سەرەڕای فشارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان بۆ درێژکردنەوەی ماوەی گواستنەوەی هاوڵاتیان لە ئەفغانستان، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی دەیەوێت تاوەکو کۆتایی مانگی هەشت کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان تەواو ببێت.

کۆشکی سپی وتی بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدن دەیەوێت پێش 31 ی مانگی هەشت کۆتایی بە گواستنەوەی ئەمەریکی و ئەفغانی و هاوڵاتیانی وڵاتی سێیەم بهێنێت، ئەوەش بۆ ئەوەی بتوانن هێزەکانی ئەمەریکا و کەلوپەلەکانیان بگوازنەوە.

بایدن وتی " ئێمە لە ئێستادا لە هەنگاوداین بۆ کۆتایی هێنان بە گواستنەوەی هاوڵاتیان لە 31 ی مانگی هەشتدا، تاوەکو زووتر تەواو ببین باشترە، ڕۆژ بە ڕۆژ مەترسی زیاتر لەسەر هێزەکانمان دروست دەبێت."

بایدن لە بەیاننامەیەکدا وتی ئەمەریکا لە 14 ی مانگی هەشتەوە یارمەتیدەر بووە لە گواستنەوەی 70,000 کەسدا. بەڵام ئاماژەشی بەوەدا تەواوکردنی ئەرکەکان تاوەکو 31 ی مانگی هەشت پەیوەست دەبێت بە هاریکارییەکانی تاڵیبانەوە، لەوانەش ڕێگەدان بە گەیشتنی هاوڵاتیان بۆ فڕۆکەخانەکە. وتی داوای لە وەزارەتی بەرگری و دەرەوەی ئەمەریکا کردووە پلانی بەپەلە دابڕێژن بۆ حاڵەتی لە ناکاو.

وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی وتی " هێزەکانی ئەمەریکا ڕووبەڕووی هەڕەشەی ڕێکخراوی داعشی خۆراسان بوونەتەوە." کە ڕێکخراوێکی سەربەخۆی داعشە لە ناوەڕاست و باشووری ئاسیادا چالاکن. ئەمەش دوای ئەوەی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا جۆن کیربی وتی سوپای ئەمەریکا پێویستی بە کات دەبێت بۆ کشانەوە بەر لە کۆتایی هاتنی ئەو ماوەیە.

کیربی وتی " پێویستت بە کاتە، لانی کەم چەند ڕۆژێک بۆ گواستنەوەی هێزەکان و ئەو کەلوپەلانەی لە فڕۆکەخانەکە هەمانە."

کۆشکی سپی وەڵامی پرسیارەکەی دەنگی ئەمەریکای نەدایەوە سەبارەت بەوەی ئایا ئەمەریکا پێش 31 ی مانگی هەشت کۆتایی بە سەرجەم گەشتەکانی گواستنەوەی هاوڵاتیان دەهێنێت یاخود تەنها کشانەوەی هێزەکان.

لە کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی حەوتیشدا کۆمەڵێک وڵات داوایان لە بایدن کرد هێزەکانی ئەمەریکا دوای مانگی هەشتیش لە کابوڵ بهێڵێتەوە تاوەکو یارمەتیدەر بن لە ئەرکەکانی گواستنەوەی هاوڵاتیان.

کۆشکی سپی وتی بایدن بە کۆمەڵەی حەوتی وتووە " ئەرکەکان لە کابوڵ بەپێی ئەوە دەبێت کە تا چەند ئامانجەکانمان پێکاوە."

دوای کۆبوونەوەکە سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن وتی کۆمەڵەی حەوت ڕێکەوتوون لەسەر پلانێک بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ تاڵیباندا تاوەکو ڕێڕەوێکی پارێزراو دابین بکات بۆ ئەو هاوڵاتیانەی دەیانەوێت ئەفغانستان جێبهێڵن، لە 31 ی مانگی هەشت و دواتریشەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG