Accessibility links

ویتکۆف: سەردانی ئەوانەمان کرد کە پەیامی ئاشتی سەرۆک ترامپ لە ڕێگەی هێزەوە بەرز ڕادەگرن

هاوکاتی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئاشتی ڕایگەیاند لەگەڵ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) و جێرد کوشنەر ڕاوێژکاری باڵای سەرۆک ترامپ، سەردانی کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهم لینکنیان کردووە.

ویتکۆف لە هەژماری ئێکسدا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند " ئەمڕۆ، ئەدمێراڵ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا، جێرد کوشنەر و من، لەگەڵ ئەو دەریاوان و مارینزە بەجەرگەکانی نێو کەشتیی USS Abraham Lincoln و گرووپی هێرشبەری و باڵە ئاسمانییەکەی 9 کۆبووینەوە، ئەووانەی کە دەمانپارێزن و پەیامی ئاشتی سەرۆک ترامپ لە ڕێگەی هێزەوە بەرز ڕادەگرن."

ویتکۆف دەشڵێت سوپاسی هێزەکەیان کردووە و چاودێری ئۆپەراسیۆنە ڕاستەوخۆکانی فڕۆکەکانیان کردووە و چاویان بەو فڕۆکەوانش کەوتووە کە بەشداربووە لە خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی کە لە فڕۆکەهەڵگرەکە "بەبی مەبەستێی ڕوون" نزیک بووبووەوە.

ستیڤ ویتکۆڤ کە ڕۆژی هەینی بەشدار بوو لە وتووێژە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران لە عومان، جەختی لەسەر ڕۆڵی هێزەکانی ئەمەریکا کردەوە لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و ڕێگریکردن لە نەیاران.

گروپی هێرشبەری یو ئێس ئێس ئەبراهم لینکن یەکێکە لە چەندین پێکهاتەی دەریایی ئەمەریکا کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی فراوانتردا کاردەکات، و هێمایەکی سەرەکی بوونی سەربازی ئەمەریکا و توانای وەڵامدانەوەی خێرایە. بەهۆی قەبارە و تواناکانییەوە بە شارێکی سەر دەریا ناودێردەکرێت.

کەشتییەکە بە وزەی ناوەکی کاردەکات و دەتوانێت بۆ ماوەی 20 ساڵ کاربکات بەبێ ئەوەی سووتەمەنی نوێی بۆ دابنرێتەوە. وزە ناوەکییەکەی بە دوو ویستگەی ناوەکی بەرهەم‌دەهێنرێت و توانایان هەیە وزە بە هێندەی پێداویستی شارێکی بچوک دابین بکەن.

XS
SM
MD
LG