Accessibility links

باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئیسرائیل، ئێران بە مەترسییەکی جیهانی ناودێر دەکات

مایک هەکەبی باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئیسرائیل هۆشداری لەمەڕ هەڕەشەو چالاکییە مەترسیدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی جیهانی و ناوچەییدا دەدات.

هەکەبی ڕۆژی شەممە دوو گفتوگۆی جیاوازی خۆی لەگەڵ کەناڵەکانی نیوزماکس و پی بی ئێس، لە هەژمارەی تایبەتی ئێکسی بڵاوی کردووەتەوە. لەو دیمانانەدا کە لە ڕۆژی هەینی بڵاو کراونەتەوە دەڵێت هێشتا گومانی هەیە لەوەی ڕژێمی ئێران ڕێککەوتنێک بکات کە بریتی بێت لە ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم و دەستبەرداربوون لە چەکی ئەتۆمی و سنووردارکردنی بەرنامە مووشەکییەکانی.

هەکەبی ئاماژە بە سیاسەتی حکومەتی ئەمەریکا دەکات و دەڵێت دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا بە ڕێژیمی ئێرانی گوتووە کە دەتوانن ڕێگای ئاسان یان ڕێگای سەخت هەڵبژێرن "ئەوان گوێیان نەگرت و بە ڕێگای سەخت فێربوون." لە درێژەدا قسەکانیشدا باس لە ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو دەکات کە تیایدا فڕۆکە بۆمب هاوێژەکانی B2ی ئەمەریکا هێرشیان کردە سەر ئامانجە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.

باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئیسرائیل، ڕێژیمی ئێرانی بە سەرچاوەی "ناسەقامگیری جیهانی" وەسف کرد و دەڵێت "نەک تەنیا لە ڕێگەی بریکار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵکو لە ڕێگەی سەرکوتکردنی ناوخۆییشەوە "وێرانکاری" دروست کردووە. دەشڵێت "ئێران تەنیا کێشەیەکی ناوچەیی نییە، بەڵکو هەڕەشەیەکی جیهانییە."

لە چاوپێکەوتنەکەی نیوزماکسدا، بەڕێز هەکەبی نیگەرانی دەربڕی سەبارەت بەوەی کە بە "شانە نووستووەکانی حزبوڵا لە ناوخۆی ئەمەریکا" ناودێری کرد. ناوبراو گوتی ڕەنگە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چندین سیخوڕی حزبوڵا هاتبنە ئەمەریکاوە " چاوەڕوانی فەمانی حکومەتی تاران بن."

ئەو قسانەی لە کاتێکدایە کە وەزارەتی دادی ئەمەریکا لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین دۆسیەی پەیوەست بە هەوڵەکانی پاڵپشتیکردنی حزبوڵای لوبنان تۆمارکردووە.

بەڕێز هەکەبی ئاماژەی بەوەشکرد، حزبوڵا تەنها لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چالاک نییە، بەڵکو لە دەیان وڵاتی ئەمەریکای ناوەڕاست و باشووریشدا ئامادەیی هەیە. جەختیشی لەوە کردەوە کە هەڕەشەکەیان جیهانییە نەک تەنیا ناوخۆیی.


باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئیسرائیل، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کاردانەوەی ئیسرائیلییەکان لەسەر زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکان لەگەڵ ئێراندا هەکەبی لە وەڵامدا گوتی " هەست ناکەم ئەم ترس و دڵەڕاوکێیە لە ئارادایە". ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیسرائیلییەکان زۆر خۆڕاگرن و دەزانن لە شوێنێکی مەترسیداردا دەژین.

XS
SM
MD
LG