Accessibility links

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ: لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا نزیکەی 7 هەزار کەس کوژراون

لە درێژەی هەڵمەتی سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیەوە، ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ زانیاری زیاتر سەبارەت بەو خۆپیشاندانانە ڕادەگەیەنن کە لە مانگی ڕابردووەوە لە ئێران سەریانهەڵدا.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی هرانا ڕ لەوەتای دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکان لە ئێران تا کۆتایی 41هەمین ڕۆژ سەرجەم 675 ڕووداوی پەیوەندیدار بە خۆپێشاندانەکان لە 210 شار و 31 ستاندا تۆمارکراوە.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت ژمارەی کوژراوان 6 هەزار و 955 کەسن و لە ناویاندا 175یان منداڵن. نزیکەی 11 هەزار و 20 کەسیش بریندار بوون. بێجگە لە کوژراو و بریندار 51 هەزار و 251 کەسیش لەلایەن هێزەکانی ڕژێمەوە دەستبەسەرکراون کە 111 کەس لەوانە قوتابین.

ئەو ئاژانسەی چالاکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت ئەو ئامارانە ئاماژە دەکەن کە شێوازی گوشارەکان و تەپەسەرکردن تەنیا گرتنی سەرشەقامەکان ناگرێتەوە، بەڵکوو ژمارەی ئەوانەی بۆ لێپێچینەوە بانگ دەکرین زیاتر دەبن و هەڕەشە، دانپێدانانی بە زۆرەملی هەروا وەک کەرەسەیە بۆ سازکردنی دۆسیەی ساختە درێژەیان هەیە.

هەر لە پەیوەندی زانیاری سەبارەت بە خۆپێشاندانەکان ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاپۆرتێکیدا کە ڕۆژی هەینی بڵاویکردووەتەوە دەڵێت ناسنامەی 257 هاووڵاتی کورد کە لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی مانگی بەفرانباردا لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کوژراون، پشتڕاستی ئاماری سەبارەت بە ناسنامەی کوردە کوژراوەکان دەکات لە نێویان دا لانی کەم 20 منداڵی خوار 18 ساڵی؛ لانی کەم 19 ژن؛ لانی کەم 29 کەس لە پەیرەوانی کەمینەی ئایینی یارسان؛ لانی کەم 10 خوێندکار، لانی کەم 5 پزیشک و پەرستار؛ لانی کەم 2 ئەندازیار و مامۆستایەک.

هەنگاو ئاماژە بە خاڵە گرنگەکانی ئەو ئامارانە دەکات وەک: کوژراوان خەڵکی 67 شاری جیاواز بوون؛ زۆرترین هاووڵاتی بە تۆمارکردنی 89حاڵەت و کوژرانی 145 کەس هی ستانی کرماشانن.

ڕێکخراوی هرانا ڕاپۆرتیش دەکات کە بەرەبەیانی شەمە 18ی ڕێبەندان (7ی مانگی 2ی 2026) لە سێدارەدانی لانی کەم 13 کەس لە بەندیخانەکانی خوڕڕەم ئاباد، سنە، دێزفوول، ئەلیگودەرز، کرماشان، یاسووج، نەهاوەند، زاهیدان، هەمەندان و بەندیخانەی ناوەندی شاری کەرەج بەڕێوەچوون.

XS
SM
MD
LG