Accessibility links

سێنتکۆم وێنەی جوڵەی کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهم لینکن بڵاو دەکاتەوە و لەسەری دەنوسێت ' ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە'

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (CENTCOM) چەندین وێنەی جوڵەی کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهم لینکن کەشتییە سەربازییەکانی دەوروبەری بڵاو کردووەتەوە.

ڕۆژی هەینی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، چوار وێنەی جوڵەی کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەبراهم لینکنی بەرەو کەنداوی فارس لە هەژماری ئێکسی خۆیدا بڵاوکردەوە، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ وتووێژە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران لە عومان.

سینتکۆم لە پەیامێکدا کە لەگەڵ وێنەکان بڵاوکراوەتەوە ڕایگەیاندووە " گرووپی هێرشبەری فڕۆکە هەڵگری ئەبراهم لینکن، لەگەڵ دوو کەشتی دابینکردنی کەلوپەلی سەربازی و دوو کەشتی پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمەریکا، ئەمڕۆ لە دەریای عەرەبیدا بەیەکەوە جوڵان، لەکاتێکدا فڕۆکەکانی باڵی ئاسمانی 9 بەسەریاندا دەفڕین."

لە کۆتایی پەیامەکەشدا نوسراوە " ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە."

کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەبراهم لینکن USS Abraham Lincoln لەگەڵ کەشتییەکانی یاوەری لە ئێستادا لە ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیربوون و بە تایبەتی لە نزیک ئێران. ئەم کەشتییە فڕۆکە هەڵگرە بەهۆی قەبارە و تواناکانییەوە بە شارێکی سەر دەریا ناودێردەکرێت.

کەشتییەکە بە وزەی ناوەکی کاردەکات و دەتوانێت بۆ ماوەی 20 ساڵ کاربکات بەبێ ئەوەی سووتەمەنی نوێی بۆ دابنرێتەوە. وزە ناوەکییەکەی بە دوو ویستگەی ناوەکی بەرهەم‌دەهێنرێت و توانایان هەیە وزە بە هێندەی پێداویستی شارێکی بچوک دابین بکەن.

جوڵەی ئەم کەشتییە هاوکات بوو لەگەڵ کۆبوونەوەی ناڕاستەوخۆی نێوان نوێنەرانی ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری مەسقەتی پایتەختی عومان .بەڵام هیچ وردەکارییەک لەبارەی ناوەڕۆکی گفتوگۆکان بڵاونەکراوەتەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا شاندی ئەمەریکایی بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا و جێرد کوشنەر، ڕاوێژکاری باڵای دۆناڵد ترامپ بەشدارییان کرد. نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیش بە سەرۆکایەتی عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بوو.

سەرۆک دانۆڵد ترامپ پاش کۆبونەوەکە ئێوارەی هەینی بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند "پێدەچێت ئێران بەڕاستی بە پەرۆشبێت بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنێک، و بابزانین ئەو ڕێککەوتنە چۆن دەبێت. بەڵام پێم وایە زۆر دەیانەوێت ئەو ڕێککەوتنە بکەن و دەشبێت وابن."

سەرۆکی ئەمەریکا بە ئاماژەدان بە گفتوگۆکانی پێش هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی، وتی " جاری ڕابردوو بڕیاریان دا ڕەنگە ڕێککەوتن نەکەن، بەڵام پێدەچێت ئێستا هەستیان جیاوازبێت. جا بابزانین ئەم ڕێککەوتنە چی دەبێت. جیاواز دەبێت لە جاری ڕابردوو. ئێمە کەشتییەکی گەورەمان هەیە، پێکهاتەیەکی گەورەی دەریایی کە بەو ئاراستەیە دەجووڵێت. بەم زووانە لەوێ دەبین. بۆیە دەبینین دەرئەنجامەکەی چییە."

XS
SM
MD
LG