کۆبوونەوەی ناڕاستەوخۆی نێوان نوێنەرانی ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی هەینی لە شاری مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەچوو. بەڵام تا ئێستا هیچ وردەکارییەک لەبارەی ناوەڕۆکی گفتوگۆکان بڵاونەکراوەتەوە و تەنیا هەواڵی گشتی سەبارەت بە کۆبوونەوەکان ڕاگەیەندراوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا شاندی ئەمەریکایی بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا و جێرد کوشنەر، ڕاوێژکاری باڵای دۆناڵد ترامپ بەشدارییان کرد. نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیش بە سەرۆکایەتی عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بوو.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی فەرمی سەبارەت بە بابەتەکانی دانوستانەکان یان ئەگەری ئەنجامەکانیان بڵاونەکراوەتەوە و تەنیا ئەوە ڕاگەیەندراوە کە نوێنەرانی هەردوولا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عومان کۆبوونەتەوە و گفتوگۆیان کردووە.
هاوکات ئەو وێنانەی لە کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی عومان و شاندی ئەمەریکی لە شاری مەسقەت بڵاوکراونەتەوە دەریدەخەن کە براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم)یش ئامادەی کۆبوونەوەکە بووە.
ئامادەبوونی فەرماندەی باڵای سەربازی ئەمەریکا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بوونی هێزی دەریایی خۆی لە ئاوەکانی دەوروبەری ئێران زیاد کردووە.
هەروەها لە کاتێکیشدایە کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا هۆشداریدا لەوەی ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکانی شکستبهێنن ئەوا "پێدەچێت شتە خراپەکان ڕووبدەن."
لەگەڵ کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی مەسقەت، هێشتا دیار نییە گفتوگۆکان بەردەوام دەبن یان نا.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا، سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە لە وتارەکەیدا لە جەختی لەوە کردەوە کە هێزی سەربازی ئەمەریکا هەرگیز ئەوەندەی ئێستا بەهێز نەبووە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ئامادەیییەکی بەرچاوی سەربازی لە نزیک کۆماری ئیسلامی بنیات ناوە. ناردنی کەشتی فڕۆکە هەڵگری یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکن و گەلە کەشتی فڕۆکە هەڵگرەکانی بۆ فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا (CENTCOM) لەگەڵ جێگیرکردنی فڕۆکەی جەنگی زیاتر و فڕۆکەی گواستنەوە بۆ ناوچەکە، ئەم ئامادەیی سەربازییەی بەهێزتر کردووە.
هەروەها دۆناڵد ترامپ چەندین جار هۆشداری داوە لەوەی ئەگەر دانوستانەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی شکستبهێنن، لەوانەیە فەرمانی هەنگاوی سەربازی لەدژی کۆماری ئیسلامی بدات.