Accessibility links

ئەردۆغان دەڵێت کاتی هەڵبژاردنەکان ناگۆڕێت و هەر لە 14 ی مانگی پێنج دەیهێڵێتەوە


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی ئاکەپە ( پارتی داد و گەشەپێدان)دا ، ڕۆژی 14 ی مانگی پێنجی وەک ڕۆژی هەڵبژاردنی ڕاگەیاند.

ئەردۆغان وتی " بە ئیزنی خودا ئەم گەلە لە 14ی پێنجدا هەرچی پێویست بێت ئەنجامی دەدات."

لە دوای بوومەلەرزەکەی مانگی ڕابردووەوە تا ئێستا مشتومڕ لەسەر کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا دەکرێت.

هەندێک لایەن دەڵێن دەتوانن هەڵبژاردنەکان تا کۆتایی ساڵ دوابخەن، هەندێکی تریش دەڵێن پێویستە لە 18 ی مانگی شەش، لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجام بدەن.

پێش کارەساتی بوومەلەرزەکە، پاڵپشتی ئەردۆغان کەمی کردبوو بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و دابەزینی بەهای لیرەی تورکی.

لە دوای بوومەلەرزەکەشەوە حکومەتەکەی ئەردۆغان ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بووەتەوە لەمەڕ چۆنیەتی هاوکارییەکانی حکومەت.

ئەردۆغان کە ئامانجی درێژکردنەوەی دەسەڵاتیەتی بۆ دەیەی سێهەم، پێشتر لە مانگی یەک لە تویتێکدا ڕایگەیاند هەڵبژاردنەکان پێش کاتی ئاسایی خۆیان ئەنجام دەدرێن " هەستمان بە پێویستی نوێکردنەوەی 18 ی مانگی شەش کرد کە وادەی ئاسایی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانە، بەو پێیەی هاوکاتە لەگەڵ سەروبەندی جەژنی قوربان و تاقیکردنەوەکانی ساڵانەی منداڵەکانمان کە خۆیان بۆ زانکۆ ئامادە دەکەن، لەگەڵ پشووی هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانمان و قوتابخانە ناوەندییەکان." ئەو 14 ی پێنجی بە گونجاوترین کات بۆ هەڵبژاردن دانا.

ئێستا لەو ناوچانەی کە بوومەلەرزەکە زیانی پێگەیاندوون کە نزیکەی 14ملیۆن کەس تێیدا دەژین، نیگەرانی لە ئامادەکردنی مەرجەکانی هەڵبژاردن هەیە و گفتوگۆی بەردەوام هەیە لەسەر دەنگی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG