Accessibility links

بانکی جیهانی زیانەکانی بوومەلەرزەی تورکیا بە 34 ملیار دۆلار مەزەندە دەکات


بانکی جیهانی ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی 6ی مانگی دوو کە باشوری تورکیای گرتەوە، زیانی زیاتر لە 34 ملیار دۆلاری بەو وڵاتە گەیاندووە.

ئەو دامەزراوەی کە بنکەی لە واشنتنە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بڕە پارەیە یەکسانە بە چوار لەسەدی داهاتی ناوخۆیی ساڵی 2021ی تورکیا. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو خەمڵاندنە تێچووی ئاوەدانکردنەوە ناگرێتەوە " کە ڕەنگە دوو هێندە زیاتر بێت".

مەزەندەکەی بانکی نێودەوڵەتی زیانەکانی باکوری سوریای لەبەرچاو نەگرتووە کە بە بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە کاریگەرییان لەسەر بووە، لە کاتێکدا خەمڵاندنێکی بانکی نێودەوڵەتی بۆ تێچوونەکانی زیانەکانی ئەوێ بڕیارە ڕۆژی سێشەممە بڵاوبکرێتەوە.

بانکی نێودەوڵەتی هۆشداریدا لەوەی کە بەردەوامی بوومەلەرزەکانی پاش ئەوە بوومەلەرزە گەورەیە ئەگەری زۆرە کۆی گشتی زیانەکانی ئەو کارەساتە زیاد بکات.

هەمبێرتۆ لۆپێز، بەڕێوەبەری وڵاتی بانکی نێودەوڵەتی بۆ تورکیا وتی " ئەم کارەساتە وەک بیرهێنانەوەی مەترسی زۆری تورکیایە بۆ بوومەلەرزە و پێویستی بەرزکردنەوەی خۆڕاگری لە ژێرخانی گشتی و تایبەتدا."

هەروەها بانکی نێودەوڵەتی مەزەندە دەکات کە بەهۆی زیانگەیاندن بە باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون، یەک ملیۆن و 25 هەزار کەس بەشێوەیەکی کاتی بێ ماڵ و حاڵ بوون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، زیانە ڕاستەوخۆکانی باڵەخانە نیشتەجێبوونەکان لەسەدا 53ی خەمڵاندنەکەی پێکهێناوە، لەسەدا 28ی زیانەکان لە باڵەخانەکانی کە شوێنی نیشتەجێ نین ڕوویداوە و ئەوەی دیکەش لە ژێرخانی وەک ڕێگاوبان و پردەکاندایە.

سەرچاوە: فرانس پریس

XS
SM
MD
LG