Accessibility links

ژمارەی گیان لەدەستدانەکان بەهۆی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا دەگاتە زیاتر لە 50 هەزار کەس


بەهۆی ئەو بوومەلەزە بەهێزەکەی کە تورکیا و سوریای گرتەوە زیاتر لە 50 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.

بە پێی ئەو ئامارانەی کە هەتا ئێستا بڵاوکراونەتەوە لە تورکیا 44 هەزار و 374 کەس گیانیان لەدەستداوە و لە سوریاش 5 هەزار و 951 کەس.

بە مەش کۆی گشتی گیانلەدەستدانەکان بەهۆی ئەو کارەساتەی هەردوو وڵاتی گرتەوە دەگاتە 50 هەزار و 325 کەس.

حکومەتی سوریا ئاشکرای کرد، لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا هەزار و 414 کەس گیانیان لەدەستداوە لە کاتێکدا بەرپرسانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی چەکدارانی سەر بە تورکیا دەڵێن چوار هەزار و 537 کەس لە سەرتاسەری ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەوان گیانیان لەدەستداوە.

بەرپرسی تەندروستی مەرام ئەلشێخ بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، دەسەڵاتدارانی خۆجێهی پشتیان بەو داتایانە بەستووە کە لە نەخۆشخانەکان، ناوەندە پزیشکییەکان و بەرگری شارستانی لە ئیدلب و باکووری پارێزگای حەلەب کۆکراونەتەوە.

هەروەها دەشڵێت ئامارەکانی سەرچاوە سڤیلییەکانیشیان لەبەرچاو گرتووە، لە کاتێکدا زۆرێک لەوانەی گیانیان لەدەستداوە بەبێ ئەوەی ببرێنە نەخۆشخانە بەخاک سپێردراون.

ڕێژەکە بە هاوکاری ڕێکخراوی یەکەی هەماهەنگی هاوکارییەکان (ACU) کە هاوبەشێکی ناوخۆیی نەتەوە یەکگرتووەکانە، بڵاوکراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەی کوژراوان لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی سەرهەڵداواندا "نزیکەی کۆتایی بووە، بەو پێیەی زۆربەی قوربانییەکان لە ژێر داروپەردووەکان دەرکراون".

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندبوو دوو هەزار و 243 کەس لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتدا گیانیان لەدەستداوە ئەمەش 824 کەس زیاترە لەوەی حکومەت ڕایگەیاندووە.

ڕوانگەکە ژمارەی قوربانیانی تەواوی سوریای بە 6781 کەس ڕاگەیاندووە.

ڕامی عەبدولڕەحمان کە سەرۆکایەتی ئەو گرووپە دەکات کە بنکەکەی لە بەریتانیایە، ڕایگەیاندووە، ژمارەیان زیاترە، چونکە "50 گوندی تێدایە کە ڕزگارکەران نەگەیشتوونەتە ئەوێ".

فریاگوزارانی سەرهەڵداوان بە ئاژانسی فرانس پرێسیان ڕاگەیاندووە ژمارەکان زۆربەی ئەوانەن کە خۆیان لەژێر داروپەرووی باڵەخانە ڕووخاوەکان دەریانهێناون.

بەشێک لە زانیارییەکان لە ئاژانسی فرانس پرێس وەرگیراوە.




XS
SM
MD
LG