Accessibility links

ئەردۆغان داوای لێبوردن لە خەڵکی سەمسور دەکات بەهۆی دواکەوتنی هەوڵەکانی فریاگوزاری حکومەت


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا ڕۆژی دووشەممە لە کاتی سەردانی یەکێک لەو ناوچانەی کە بەهۆی بوومەلەرزە کوشندەکەی سەرەتای ئەم مانگەوە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، داوای لێبوردنی کرد لەسەر دواکەوتنی هەوڵەکانی فریاگوزاری حکومەت.

ئەردۆغان کە پاش نزیکەی دوو دەیەی لە دەسەڵاتدا هەوڵی خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی دەکات، لە لایەن لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە لە سەمسور (ئەدیامان) ڕەخنەی توندی لێ گیراوە.

لە هەڵبژاردنی ڕابردوو لە ساڵی 2018دا ئەردۆغان لەو پارێزگایەدا دەنگێکی زۆری بەدەستهێنا و لە ڕکابەرە عیلمانییەکەی بردەوە.

هاوکاتی سەردانەکەی بۆ ناوچەکە لە ڕۆژی دووشەممە ئەردۆغان گوتیشی "بەهۆی کاریگەریی وێرانکەری بوومەلەرزەکان و خراپی کەشوهەوا، نەمانتوانی لە ئادیامان بەو شێوەیەی کە دەمانویست کاربکەین، بۆ ئەمە داوای لێبوردن دەکەم".

بوومەلەرزەکەی 6 ی مانگی دوو زیاتر لە 44 هەزار کەسی لە تورکیا و هەزاران کەسی دیکەی لە سوریا کوشت.

خەڵکی ئەو ناوچەیە ناڕەزایەتییەکی زۆریان دەربڕی بەرامبەر بە شێوازی هاوکارییەکانی حکومەت لەوێ، لە 10 ی مانگی دوو چوار ڕۆژ پاش بوومەلەرزەکە محەمەد یەلدریم دانیشتوی سەمسوور بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند " هەتا کاتژمێر 2 ی پاشنیوەرۆی رۆژی دووهەمی بوومەلەرزەکە هیچ کەسم نەبینی، نە حکومەت، نە پارێزگا، نە پۆلیس و نە لەشکر. شەرمەزار بن ئێمەتان بە تەنها جێهێشت."

کارەساتەکە لە کاتێکدا ڕوویدا کە ئەردۆغان لە هەوڵی بەرزکردنەوەی ئاستی پەسەندکردنیدا بوو لە نێو خەڵکیدا لە کاتێکدا بەهۆی قەیرانی ئابوری ساڵی ڕێژەی پەسەندکردنی دابەزیبوو.

دوای ماوەیەکی کەم لە بوومەلەرزەکە، ئەردۆغان دانی بە "کەموکوڕی"دا ناوە لە مامەڵەکردنی حکومەت لەگەڵ کارەساتەکەدا.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG