Accessibility links

بومەلەرزەیەکی نوێ لە تورکیا دەدات


مالاتیا، تورکیا
مالاتیا، تورکیا

بەرپرسانی تورکیا دەڵێن ڕۆژی دووشەممە بومەلەرزەیەکی دیکە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیای هەژاندووە و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لە دەستدا و 110 کەس بریندار بوون و 29 بینا ڕووخاون.

بومەلەرزە نوێیەکە کە بە گوڕی 5.6 و قوڵایی 6.15 کم بوو دوای سێ هەفتە دێت لە بومەلەرزە گەورەکە کە بووە هۆی گیان لە دەستدانی زیاتر لە 50,000 کەس لە تورکیا و سوریادا.

لە گرتە ڤیدیۆیەکی کەناڵی سی ئێن ئێن تورکدا دەردەکەوێت تیمێکی فریاگوزاری پیاوێکیان بە زیندوویی لە ژێر پاشماوەی بینایەک لە مالاتیا دەرهێناوە.

دواتر ژنێکی پیشاندا کە دەڵێن کچی پیاوەکەیە و لە هەمان یەکەی نیشتەجێبوون دەرهێندراوەتە دەرەوە.

لە بینایەکدا کە باوەڕوابوو سێ کەس گیرییان خواردبێت تیایدا، تیمێک داوای بێدەنگییان کرد تاوەکو گوێ بگرن بزانن دەنگی خەڵک لە ناو بیناکەدا هەیە یاخود نا.

بەرپرسی دەسەڵاتی بەڕێوبەرایەتی کارەساتەکانی تورکیا یونس سیزەر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی تیمەکانی فریاگوزاری ڕەوانەی پێنج بینا کراون.

بەڕێوبەری گشتی دەزگای بەڕێوبەرایەتی کارەساتەکانی تورکیا و کەمکردنەوەی مەترسییەکان ئۆرهان تەتەر وتی لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا چوار بومەلەرزەی نوێ لە ناوچەکەدا هەبوون، هاوکات 45 لەرینەوەی دوای بومەلەرزەکانیش هەبوون کە گوڕەکەیان لە نێوان پێنج بۆ شەشدا بووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG