Accessibility links

بڵینکن جەخت لەوە دەکاتەوە ئەمەریکا هاوکاری گەلی سوریا دەکات بۆ دەربازبوون لە کارەساتی بوومەلەرزەکە، بەڵام لەگەڵ ڕژێمی ئەسەدا کارناکات


ئەمەریکا دەڵێت لەگەڵ هاوبەشەکانی کاردەکات بۆ دابینکردنی یارمەتی بۆ کارەساتی بوومەلەرزەکە لە سوریا بەڵام بە توندی دژی کارکردن لەگەڵ حکومەتی دیمەشق دەوەستێتەوە. چاوەڕاون دەکرێت ئەمەریکا هاوکاری زیاتری تورکیا بکات پاش ئەوەی دوو تیمی فریاگوزاری بۆ ئەو هاوپەیمانەی ناتۆ بەڕێکردووە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە نەمسا لە میانەی کۆبونەوەیەکی لەگەڵ هاوشانە نەمساییەکەی بە پەیامنێرانی گوت " لە ناو خودی سوریادا هاوبەشمان هەیە کە لەلایەن ئەمەریکاوە داراییان بۆ دابین دەکرێت و هەماهەنگی دەکەن بۆ هاوکارییە مرۆییەکان."

ئەو گوتیشی "ئێمە پابەندین بە هاوکاریکردنی خەڵکی سوریا بۆ دەربازبوون لەم کارەساتە، هەروەک چۆن ئێمە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ لە پێخشێنەری پێشەنگی مرۆیی بوین."

بڵینکن گوتیشی " لێرەدا دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کە بێگومان ئەم یارمەتییە داراییانە بۆ گەلی سوریا دەچن -- نەک بۆ ڕژێم. ئەوەش ناگۆڕێت."

ئەمەریکا ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا یان هەر هاوکارییەکی ڕاستەوخۆی ئاوەدانکردنەوەی ڕەتکردەوە و داوای لێپرسینەوە لە پێشێلکارییەکانی لە ماوەی شەڕی ناوخۆیی دڕندانەی نزیکەی 12 ساڵەدا دەکات.

بەرپرسان و کاربەدەستانی تەندروستی پزیشکی ڕایانگەیاند بەهۆی بوومەلەرزە بەهێزەکەی بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە کە چەقی بوومەلەرزەکە ناوچەیەکی نزیک غازی عەنتاب بوو، پێنج هەزار و 894 کەس لە تورکیا و زیاتر لە هەزار و 900 کەسیش لە سوریا گیانیان لەدەستداوە، بەمەش کۆی گشتی گیانلەدەستدان گەیشتە حەوت هەزار و 800 کەس بەهۆی ئەو بوومە لەرزە بەهێزەی تورکیا و سوریای گرتەوە.

سەرچاوە ئاژانسی فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG