Accessibility links

زۆربەی وڵاتانی جیهان یارمەتی قوربانیانی بومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا دەدەن


Earthquake in Diyarbakir
Earthquake in Diyarbakir

تیمەکانی نزیکەی 30 وڵاتی جیهان بەرەو تورکیا و سوریا بەڕێکەوتن بۆ بەهاناوەچوونی قوربانیانی بومەلەرزەکە، بەڵام هاوکاتی بەڵێنەکانی یارمەتیدان، تورکیا ڕایگەیاند تەنها ڕێگە بەو ئۆتۆمبێلانە دەدات کە هاوکاری هەڵدەگرن بچنە ناو پارێزگاکانی کەهرامەرئەش، ئادیامان و هەتای کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، بە مەبەستی خێراکردنی هەوڵەکان.

هاوکات سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە تویتەر نووسیوبووی "لە ناخەوە دڵتەنگ بووم" بە گیانلەدەستدان و وێرانبوونی ئەو شارو شاڕۆچکانەی سوریا و تورکیا بەهۆی بولەرزەکەوە، دەشڵێت "تیمەکەم ڕاسپاردووە بەردەوام بن لە چاودێریکردنی وردی دۆخەکە و هەماهەنگی لەگەڵ تورکیا دا بکەن و هەموو پێداویستی و هاوکارییەکانیان بۆ دابین بکەن."

هاوکات یەکێتی ئەوروپا تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاری کۆکردۆتەوە بۆ یارمەتیدانی تورکیا، هەروەها سیستەمی مانگی دەستکردی کۆپەرنیکۆسی یەکێتییەکە چالاک کراوە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری نەخشەسازی فریاگوزاری. لانی کەم 13 وڵاتی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا هاوکارییان پێشکەش کردووە.

ئەمەریکا بە هەماهەنگی دەستبەجێ و بە پەلە هاوکاری تورکیا دەکات، لەنێویاندا تیمەکانی پشتیوانی لە هەوڵەکانی گەڕان و ڕزگارکردن. لە ویلایەتی کالیفۆرنیاوە نزیکەی 100 فریاگوزاری و ئەندازیاری ناوچەی لۆس ئەنجلۆس لەگەڵ شەش سەگی ڕاهێنراوی تایبەت ڕەوانەی تورکیا کران.

هاوکات ئۆکرانیا کە گرفتاری جەنگێکی گەورە بۆتەوە لەگەڵ ڕووسیا، تیمێکی گەڕان و فریاگوزاری 87 کەسی دەنێرێت بۆ تورکیا بۆ ئەوەی "یارمەتی تیمەکانی فریاگوزاری بدەن بۆ گەڕان بەدوای زیندووماوانی بوومەلەرزەکەدا.

پێشتریش ڕۆژی سێشەممە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، فەرمانێکی بەجیا دەرکرد و کابینەکەی ڕاسپارد کە "بە دڵنیایەوە دابینکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ تورکیا" دەستەبەربکات.

پاکستان تیـمێکی گەڕان و فریاکەوتن دەنێرێتە تورکیا
please wait

No media source currently available

0:00 0:00:27 0:00

شانشینی وڵاتی ئوردن کە هاوسنوورە لەگەڵ سوریا، دەڵێت فڕۆکەی پڕ لە کەرەستەی گەڕان و ڕزگارکردن و خێمە و کەرەستەی پزیشکی لەگەڵ 99 فریاگوزاری و پێنج پزیشکی بۆ هاوکاریکردنی هەوڵەکانی فریاگوزاری لە تورکیا و سوریا ڕەوانە دەکات.

ڕێکخراوی خێرخوازی شانشینی وڵاتەکە ڕایگەیاندووە کە پەیوەندییان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سوریا و تورکیا هەیە سەبارەت بە گەیاندنی پێداویستییەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییە بەپەلەکانی وڵاتانی جیهان.

شێهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان رۆژی سێشەممە، سندوقێکی فریاگوزاری بۆ قوربانیانی بولەرزەکەی تورکیا دامەزراند و داوای لە خەڵک کرد کە هاوکاری بکەن. شەریف بە ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیرانی ڕاگەیاندووە، تورکیا پشتیوانی پاکستانی کرد دوای ئەوەی کە لە ساڵی ڕابردوودا لافاوێکی بێ وێنە نزیکەی یەک لەسەر سێی وڵاتەکەی گرتەوە.

هاوکات کڵێسای ئۆرتۆدۆکسی وڵاتی یۆنان هەڵمەتێکی خێرخوازی و نوێژکردن بۆ قوربانیانی بومەلەرزەکەی ڕاگەیاند بۆ پشتیوانیکردن لە قوربانیانی بوومەلەرزەکە لە تورکیا و سوریا.

ئەم دەستپێشخەرییە دوای بانگەوازێکی یارمەتی هات کە لەلایەن پاتریارکی ئیکۆمێنیکی بارتۆلۆمیۆ سەرکردەی ڕۆحی کریستیانە ئۆرتۆدۆکسەکانی جیهانەوە ڕاگەیندرا کە بنکەکەی لە ئەستەنبوڵە.

بارتۆلۆمیۆ ڕۆژی دووشەممە لە پەیامێکدا ڕایگەیاند "ئێمە دوعا دەکەین خودا ئارامی بە گیانی قوربانییەکان ببەخشێت و خێزان و ئازیزانیان بەهێز بکات لەم کاتەی ماتەمینیە قورسەدا."

لە جنێڤیش جەیمس ئاڵدەر وتەبێژی یونیسێف ڕایگەیاند "ئەو بوومەلەرزانە ... لەوانەیە هەزاران منداڵی کوشتبێت". ئاماژەی بەوەشکرد، دەیان قوتابخانە و نەخۆشخانە و دامەزراوە پزیشکی و پەروەردەییەکانی دیکە زیانیان بەرکەوتووە یان لەناوچوون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی میدیای دەوڵەتی "وام" ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، شێخ محەمەد بن زاید ئەلنەهیان، سەرۆکی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، فەرمانی تەرخانکردنی بڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی فریاگوزاری بومەلەرزەکە بۆ سوریا و تورکیا دابینکرد.

لە ئیسپانیاشەوە؛ مارگاریتا ڕۆبلێس، وەزیری بەرگریی ئیسپانیا ڕایگەیاند، ئیسپانیا فڕۆکەیەکی سەربازی جۆری A400 لەگەڵ ئاگرکوژێنەوە و ئامێرەکانی ناردووە، لەگەڵ فڕۆکەیەکی جۆری ئەیرباس A330 لەگەڵ ستافی بەرگری شارستانی بۆ کارکردن لەگەڵ کارمەندانی فریاگوزاریدا .

هاوکات عێراقیش ڕایگەیاند، تیمی بەرگری شارستانی دەنێرێت بۆ تورکیا و سوریا لەگەڵ پێداویستی فریاگوزاری ، خۆراک و سووتەمەنی.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی میدیای فەرمی دەوڵەتی قەتەر، حکومەتی قەتەر ڕایگەیاندووە هەر لە ڕۆژی دووشەممەوە دەستیکردووە بە ئەنجامدانی گەشتی فریاگوزاری بۆ تورکیا بۆ گواستنەوەی تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاری بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان لەگەڵ ئۆتۆمبێل و نەخۆشخانەیەکی مەیدانی و چادر و پێداویستییەکانی دیکە.

ڕێکخراوی خێرخوازی قەتەر کە لە لایەن دەوڵەتەوە پارەی بۆ دابین دەکرێت، ڕایگەیاندووە کە 27 هەزار ژەمی خواردنیا دەمودەست لە غازی عەنتاب دابەش کردووە کە نووسینگەی هەیە و کەلوپەلی فریاگوزاری بۆ پەناگە لە تورکیا و سوریا دابین دەکات. گروپەکە شەش ملیۆن دۆلاری بۆ یەکەمین قۆناغەکانی وەڵامدانەوەی کارەساتەکە تەرخانکردووە.

پاپا فرانسیس لە کڵێسای کاسۆلیکی ڤاتیکان و ئیتاڵیا دوای بوومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا، تەلەگرامێکی نارد و "لە دڵەوە سەرەخۆشی "ی کردووە. هاوکات کڵێسای ڕۆمانی کاسۆلیکی ئیتاڵیا بڕی 500 هەزار یۆرۆیان بۆ هاوکاری فریاگوزاری تەرخان کردووە.

هاوکات نانسی فەیزەر وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، دەزگای پاراستنی مەدەنی فیدراڵی ئەڵمانیا دەتوانێت پەناگەی فریاگوزاری و یەکەکانی پاککردنەوەی ئاو بۆ کەمپەکان دابینبکات و لە ئێستاشەوە پێداویستی فریاگوزاری بە مۆلیدەی فریاگوزاری و خێمە و بەتانی ئامادە دەکات، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەڕێی تێدرۆس ئەدهانۆم ، سەرۆکی ڕێکخراوەکەوە ڕایگەیاند "تۆڕی تیمەکانی پزیشکی فریاگوزاری چالاک کراوە بۆ دابینکردنی چاودێری تەندروستی پێویست بۆ بریندارەکان و زۆرترین ئەو کەسانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە."

هەروەها جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا ڕایگەیاند "پارێزگاری مەدەنی ئیتاڵیا ئامادەیە بۆ بەشداریکردن لە پشتیوانی و پێشکەشکردنی فریاگوزاری سەرەتایی بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزکە.

هاوکات حکومەتی هیندستانیش ڕایگەیاند؛ دوو تیم لە هێزی نیشتمانی رووبەڕووبونەوەی کارەساتەکانی هیندستان کە پێکهاتوون لە 100 کارمەند بە تیمی سەگی ڕاهێنراو و بە کەرەستەی ڕاهێنراوی تایبەت ئامادەن بۆ ئەوەی بە فڕۆکە بگوازرێنەوە بۆ ناوچەی کارەساتەکە بۆ ئۆپەراسیۆنی گەڕان و ڕزگارکردنی زیندوماوان. تیمە پزیشکییەکان ئامادە کران و کەرەستەی فریاگوزاریان پێبوو بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕەوانە کران.

ماریوس کامینسکی وەزیری ناوخۆ و کارگێڕی پۆڵەندا ڕایگەیاند، گروپی فریاگوزاری HUSAR کە پێکهاتووە لە 76 فریاگوزار و هەشت سەگی فریاگوزاری دەنێرێت.

یه‌كێتی ئه‌وروپاش لەڕێی جانێز لینارچیچ کۆمیساری ئەورووپا بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکان ڕایگەیاند، ناوەندی هەماهەنگی بەرپەرچدانەوەی فریاگوزاری یەکێتی ئەوروپا لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا و بە پەلە خزمەتگوزاری نەخشەسازیی مانگی دەستکردی کۆپەرنیکۆسی چالاک کردووە بۆ یارمەتیدانی تیمەکانی فریاگوزاری و رزگارکردنی قوربانییەکان.

بەڕێوەبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی تایوان ڕایگەیاند، تیمێکی 40 فریاگوزار لەگەڵ سێ سەگی گەڕان و ڕزگارکردن و چوار بۆ پێنج تەن هاوکاری ڕۆژی دووشەممە بەرەو تورکیا بەڕێکەوتوون. پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئامادەیە 130 کەس لەگەڵ پێنج سەگی گەڕان و 13 تەن هاوکاری پێشکەش بە تیمێک بکات و چاوەڕێی وەڵامی تورکیا دەکات.

هاوکات وەزارەتی فریاکەوتنی ڕووسیا ڕایگەیاند، دوو فڕۆکەی جۆری IL-76 لەگەڵ 100 فریاگوزاری ئامادەن بۆ ئەوەی ئەگەر پێویست بوو بەرەو تورکیا بڕۆن. ڤلادیمێر پوتین سەرۆک کۆماری رووسیاش پەیامی ئاڕاستەی تورکیا و سوریا کرد، کە ماوەیەکە سەربازانی ڕوسیا پاڵپشتی سوپای سوریا دەکەن و هاوخەمی بۆ سەرۆکی هەردوو وڵات دەربڕی و پشتیوانی خۆی دوپاتکردەوە بۆیان.

هەروەها کریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆک وەزیرانی یۆنان سەرەخۆشی خۆی ڕاگەیاند و پشتیوانی لە تورکیا کرد و ڕایگەیاند؛ یۆنان سەرچاوەکانی خۆی کۆدەکاتەوە و دەستبەجێ هاوکاری دەکات.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش ڕایگەیاند، سەرجەم دەسەڵاتداران ڕاسپێردراون کە ئامادەکاری خێرا بکەن بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری پزیشکی، گەڕان و ڕزگارکردن.

کارستن هانسن، بەڕێوەبەری ناوچەیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویجی NRCڕایگەیاند "NRC هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکات بۆ ئەوەی پشتگیری ڕاستەوخۆ پێشکەش بەو کەسانە بکات کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە لە سەرانسەری سوریا. بەرفراوانکردنی هاوکارییەکان پێویستە و ڕێکخراوەکەمان بەشێک دەبێت لەو هەنگاوە." هاوکات بانگەوازی پاڵپشتی زیاتری نێودەوڵەتی بۆ سوریا و باشووری تورکیا کرد.

هاوکات حکومەتی تورکیا پێشنیارێکی ئیلۆن مەسکی ڕەتکردەوە بۆ ئەوەی یارمەتی ئەو وڵاتە بدات لە ڕێگەی سەتەلایتی ستارلینک هێڵی ئینتەرنێت دابین بکات بۆ هاووڵاتیانی تورکیا کە بەهۆی بوومەلەرزە کوشندەکەوە لە چەند شوێنێک کارەبایان بڕاوە و کێشەی ئینتەرنێتیان هەیە.

سەرچاوە: سوود لە AP، ڕۆیتەرز و دەنگی ئەمەریکا وەرگیراوە

XS
SM
MD
LG