Accessibility links

سەڵاحەدین دەمیرتاش: ئەردۆغان هەوڵدەدات بەر لە هەڵبژاردنەکان ئاژاوە دروست بکات، بەڵام سەرکەوتوو نابێت


سەرکردەیەکی زیندانیکراوی کورد دەڵێت هەوڵدان بۆ قەدەغەکردنی پارتە چەپەکەی بەشێکە لە پلانەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ وروژاندنی "ئاژاوەگێڕی" لە نێو ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا لە پێش هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا، بەڵام دەشڵێت ئەمە سەرۆک کۆمار، لە دوای دوو دەیە لە دەسەڵات، لە شکست ڕزگار ناکات.

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زیندانی ئەدیرنەی باکوری ڕۆژئاوای تورکیاوە، داوای لە لایەنە سەرەکییەکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا کرد کە هاوکاری پارتی دیموکراتی گەلان ( هەدەپە) ی سەر بە کوردەکان بکەن بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی کە چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی پێنجدا ئەنجام بدرێت.

ئەم داوایەی دەمیرتاش لە کاتێکدایە کە ئایندەی هەدەپە ڕوون نییە. داواکاری گشتی هەوڵی قەدەغەکردنی ئەو پارتە سیاسییەی داوە بە بیانوی پەیوەندی بە پەکەکەوە.

دەمیرتاش کە چیتر سەرۆکی ئەو پارتە نەماوە بەڵام کەسایەتییەکی دیاری سیاسییە لە تورکیا سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی 2016 وە لە زینداندایە، دەڵێت ئەردۆغان و هاوپەیمانە نەتەوە پەرستەکەی، دەولەت باخچەلی دەستیان دەستیان هەبووە لە هەوڵەکان بۆ داخستنی هەدەپە.

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە وەڵامی نووسراوی بۆ ئەو پرسیارانەی کە لە ڕێگەی هەدەپەەوە پێی گەیشتبوو دەڵێت "ئامانجی ئەم دووانە بردنەوەیە لەهەڵبژاردنەکاندا بە دروستکردنی بۆشایی و ئاژاوە لە ئۆپۆزسیۆندا و بە لاوازکردنی هەدەپە بەر لە هەڵبژاردنەکان."

دەمیرتاش کاتی دۆسێکەی دژ بە هەدەپەی بە "هەڵبژاردەیەکی سیاسی بە مەبەست " وەسف کرد.

حکومەت دەڵێت دادگاکانی تورکیا سەربەخۆن و ڕەتیدەکاتەوە دەستوەردانی سیاسی هەبێت.

ئاژانسی ڕۆیتەرز دەڵێت نووسینگەی ئەردۆغان ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێک لەسەر قسەکانی دەمیرتاش بداب، بەڵام بەرپرسێکی باڵا دەڵێت "زۆر سەرنجڕاکێشە کە باسی ئاژاوەگێڕی بکات، بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی هەدەپە. لە ڕاپرسییەکاندا بە هیچ شێوەیەک ناڵێن 'ئەردۆغان دۆڕاوە'. ئەم لێدوانە بە تەواوەتەی بێبنەمایە."

ڕەخنەگرانی حکومەتەکەی ئەردۆغان، لەنێویاندا ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، دەڵێن دادگاکان بەکاردەهێنێت بۆ دەمکوتکردنی بەرهەڵستە سیاسیەکانی لەوانەەشدا شارەوانی ئەستەنبوڵ، کە ڕەنگە ببوایە بە بەرهەڵستێکی سیاسی، لە مانگی ڕابردوو سزای زیندانیکردن و قەدەغەکردنی سیاسەتی بەسەردا سەپێنرا.

دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سێ ساڵ لەمەوبەر بڕیاریدا کە تورکیا دەبێت دەستبەجێ دەمیرتاش ئازاد بکات و ڕایگەیاند، زیندانیکردنی دەمیرتاش بۆ پەردەپۆشکردنی ڕێگریکردنەکانە لە هەمەجۆری و مشتومڕەکان.

دادگای دەستووری تورکیا لە ساڵی 2021 دۆسیەی دژ بە هەدەپەی کردەوەو ئەمەش بووە چێگای ڕەخنەی توندی هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی ئانکەرە. لەم مانگەدا دادگاکە بە جیاوازییەکی کەم دەنگی دا بۆ سڕکردنی هەژمارە بانکییەکانی هەدەپە لە کاتێکدا تۆمەتەکانی پەیوەستە بە پەیوەندی نێوان هەدەپە و پەکەکە هەڵدەسەنگێنێت. هەدەپە ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە.

سەڵاحەدین دەمیرتاش پێشتر بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە سەرۆک کۆمار سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو و ئێستا هێشتا لە زیندان ماوەتەوە و ڕووبەڕووی شیانی سزای هەتا هەتایی بووەتەوە لە دۆسێیەکدا لەگەڵ نزیکەی 100 ئەندامی تری هەدەپە کە تۆمەتبارکراون بە هاندانی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2014 کە تیایدا دەیان کەس گیانیان لەدەستدا. ئەوان نکوڵی لەو تۆمەتە دەکەن.

بێجگە لە زیندانی کردنی دەمیرتاش و بەرپرسەکانی تری پارتەکە، زۆرێک لە ئەندامانی پەرلەمان و سەرۆک شارەوانییەکانی هەدەپە لە کارەکانیان لابراون و هەزاران ئەندامی پارتەکە زیندانی کراون.

ئەگەر قەدەغە نەکرێت، شیانێکی زۆر هەیە هەدەپە، کە پشتیوانییە سەرەکییەکانی کوردەکانن، ڕۆڵی یەکلاکەرەوە لە هەڵبژاردنەکاندا ببینێت.

بە پێی ڕاپرسییەکان بلۆکی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن دەنگەکانی هاوتایە لەگەڵ هاوپەیمانی دەسەڵاتداری تورکیا بەڵام پێویستیان بە پشتیوانی هەدەپەیە بۆ شکستپێهێنانی ئەردۆغان، کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی پەرەسەندنی گرفتە ئابورییەکانییەوە پشتیوانی کەمتر بووەتەوە.

سەڵاحەدین دەمیرتاش گوتیشی "ئەگەر ئەردۆغان فشار بخاتە سەر دەنگدەران، تەنانەت ئەگەر هەوڵی فێڵ و تەڵەکەش بدات، ناتوانێت خۆی لە شکست بەدوور بگرێت". دەشڵێت، " زۆرینەیەکی زۆری خەڵک متمانە و باوەڕیان بە ئەردۆغان لەدەستداوە و مەحاڵە ئەو متمانە و باوەڕە بەدەستبهێنێتەوە."

پێش هەڵبژاردنەکان، هەژماری تویتەری دەمیرتاش ڕۆژانە پەیامی سیاسی بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن شوێنکەوتووەکەی بڵاودەکاتەوە. ڕۆژی یەکشەممە لە گردبوونەوەیەکدا لە ئەستەنبوڵ بە سەرۆکایەتیی هەدەپە، گۆرانییەکی کە ئەو نووسیبووی، لێدرا، لە کاتێکدا هەزاران کەس ناوی ئەویان دەگوت و ئاڵای سور و زەرد و سەوزیان بەرز کردبووەوە.

فەرهات ئەنجو یاسادانەری پێشوی هەدەپە کە لە ساڵی 2016 لەگەڵ دەمیرتاش زیندانی کرا، یەكێک بوو لە بەشداربوانی گردبوونەوەکە گوتی " ئێمە تەنها دامەزراوەیەک و بینایەک نین. ئێمە خەڵکین. تۆ ناتوانیت خەڵک قەدەغە بکەیت."

سەروهان ئۆڵوچ یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی هەدەپە لە گردبوونەوەکەدا گوتی پارتەکە خۆی بۆ ئەگەری قەدەغەکردن ئامادەکردووە بەڵام دەنگدەرەکانی بەبێ بەدیل ناهێڵێتەوە. وردەکاری زیاتری نەخستەڕوو.

هەدەپە هەفتەی ڕابردوو داوایکرد پرۆسەی دادگایکردنەکە بۆ دوای هەڵبژاردن دوابخرێت بە مەبەستی پاراستنی بنەما دیموکراسیەکان.

دەمیرتاش وتی پێیوابوو دادگا هەدەپە داناخات چونکە نایەوێت دەستوەردان لە سیاسەتدا بکات.

هەدەپە کە هاوپەیمانی پارتە چەپە بچووکەکانی تورکیایە و بەشدارییان لە گردبوونەوەکەی ڕۆژی یەکشەممەشدا کردبوو، پەیوەندییەکی گرژی لەگەڵ لایەنە نەتەوە پەرستەکانی نێو ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی شەش پارتی تورکیادا هەیە.

لە ئێستادا پارتەکە بەنیازە کاندیدی خۆی بۆ سەرۆکایەتی کۆماری پێشنیار بکات، بەڵام دەمیرتاش ڕەتی نەکردەوە کە پشتیوانی لە کاندیدێکی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن دژی ئەردۆغان بکات.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە داهاتووی خۆی ئەگەر لە زیندان ئازاد بکرێت، دەمیرتاش وتی نایەوێت بگەڕێتەوە بۆسیاسەتی هێڵی پێشەوەی حزبی " لەمێژە لاپەڕەی سیاسەتی نوێنەرایەتی چالاکم داخستووە بۆ خۆم. تەنها بەردەوام دەبم لە خەباتکردن".

سەرچاوە: ئاژانسی ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG