Accessibility links

حکومەتی تورکیا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ قەدەغەکردنی هەدەپە پێش هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکە


سەرۆکی داواکاری گشتی تورکیا ڕۆژی سێشەممە دوا سەرنجەکانی خۆی خستە بەردەم دادگای باڵای تورکیا لە دۆسیەی هەوڵی داخستنی پارتێکی ئۆپۆزسیۆن کە لەلایەن کوردەکانەوە پاڵپشتی دەکرێت، بەر لە هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکە لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا.

حکومەتەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، لە مانگی سێی 2021ەوە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دەدات کە سێیەم گەورەترین پارتییە لە پەرلەماندا، بە بیانوی ئەوەی گوایە پەیوەندی بە پەکەکەوە هەیە.

بەڵام هەدەپە دەڵێت بەهۆی بەرگریکردن لە مافی کوردەکان و بەرەنگاربوونەوەی سەرکوتکارییە فراوانەکانی حکومەت دژ بە ئازادییە سیاسییەکان و جودابیران، دەکرێتە ئامانج.

هەدەپە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018دا لەسەدا 12 ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و لە کۆی 579 کورسی پەرلەماندا، خاوەنی 56 کورسییە.

قەدەغەکردنی ئەو لایەنە سیاسیە دەتوانێت بژاردەی هەڵبژاردنی ملیۆنان دەنگدەری کورد سنووردار بکات و پەیوەندییە گرژەکانی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوادا زیاتر ئاڵۆز بکات.

بەڵام ئەردۆغان دەڵێت هەدەپە باڵی سیاسی پەکەکەیە.

سەرۆکی داواکاری گشتی بەکر شاهین ڕۆژی سێشەممە هەدەپەی وەکو "ئۆفیسی دامەزراندنی" پەکەکە وێناکرد.

شاهین لە پاش دانیشتنەکەی دادگا بە پەیامنێرانی گوت " ئێمە ئەوەمان خستەڕوو کە لایەنی تۆمەتبار بووەتە جێگەی کردەوەکانی پێچەوانەی یەکپارچەیی دەوڵەت."

گوتیشی " پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکەکەدا ڕاستییەکی ڕوونە. تەواوی کۆمەڵگەکەمان ئەمە دەزانن."

پێشتریش حکومەتی تورکیا پارتەکانی تری سەر بە کوردەکانی پێش هەدەپەی قەدەغە کردووە و پاشان لە ژێر ناوی تردا نوێ بوونەتەوە.

لە ئێستادا هەزاران ئەندامی هەدەپەو دەیان لە بەرپرسەکانی لە زینداندان.

لە هەفتەی ڕابردوو دادگای باڵای تورکیا بڕیاری بلۆککردنی هەژماری بانکی هەدەپەی داوە و هاریکارییەکانی ئەو پارتە سەرەکییە کوردەی لە گەنجینەی وڵاتدا بڕی. ئەمەش لە کاتیکدایە کە هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکە کە بڕیارە لە مانگی 6 بەڕێوەبچێت نزیک دەبێتەوە.

سەرچاوە: ئاژانسی دەنگوباسی فرانس پرێس


XS
SM
MD
LG