Accessibility links

دادگای دەستووری تورکیا هەژماری بانکەکانی هەدەپە بلۆک دەکات


دادگای باڵای تورکیا بڕیاری بلۆککردنی هەژماری بانکی هەدەپەی داوە و هاریکارییەکانی ئەو پارتە سەرەکییە کوردەی لە گەنجینەی وڵاتدا بڕیوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەردەوامە لە گوێگرتن لە دۆسێی هەوڵەکان بۆ قەدەغەکردنی هەدەپە بە تۆمەتی پەیوەندی بە هێزی چەکدارییەوە.

ئەم بڕیارەی دژ بە هەدەپە، سێهەم گەورەترین پارتی سیاسی لە پەرلەمان، پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا دێت کە بڕیارە تا مانگی 6 بەڕێوە بچێت و پێشبینی دەکرێت ئاستەنگی گەورە بخاتە بەردەم ڕەجەب تەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا.

ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵوی سەر بە دەوڵەت ڕایگەیاند، دادگای دەستووری بە زۆرینەی دەنگی هەشت بەرامبەر بە حەوت ئەندامی دادگا بڕیارەکەی داوە.

بەکر شاهین سەرۆکی داواکاری گشتی لە مانگی ڕابردوو داوای لە دادگای دەستووری وڵاتەکە کردبوو کە هەژمارەکانی بانکی هەدەپە ڕابگرێت تا ئەو کاتەی دۆسێیەکەی بڕیارە لەسەر ئەگەر و نەگەری داخستنی لەدادگا دەدرێت.

پاش بڕیارەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی دادگای دەستووری، هەدەپە ڕایگەیاند " بڕیاری دادگای دەستوری بۆ بلۆککردنی هەژمارە بانکییەکانی هەدەپە و ڕاگرتنی بودجە لە گەنجینەی (دەوڵەت)، لەسەر فەرمانی حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە، هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ بنکۆڵکردنی هەڵبژاردنی دادپەروەرانە و دیموکراسی. بەڵام ئەمە ڕێگری لە دۆڕانی حەتمی حکومەت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا ناکات".

بەپێی یاسای پارتە سیاسییەکانی تورکیا، ئەو پارتانەی کە لە دوایین هەڵبژاردندا بەشدارییان کردووە و بەربەستی گشتییان تێپەڕاندووە، ساڵانە هاوکاری داراییان پێدەدرێت. بەربەستی گشتی تێپەڕاندنی لەسەدا 7 ی دەنگەکانە.

سەڵاحەدین دەمیرتاش، سەرۆکی پێشووی هەدەپەکە لە زینداندایە لە تویتێکدا دەڵێت " بۆ یەکەمجارە دەخوازرێت حزبێک لەلایەن حزبەکانی ترەوە دابخرێت، نەک لەلایەن دەوڵەتەوە. تەنانەت خودی ڕستەکەش بێمانا و ترسناکە: ئاکەپە و مەهەپە دەیانەوێت هەدەپە دابخەن!"

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا ئەو پارتە بەوە تۆمەتبار دەکات کە باڵی سیاسیی پەکەکە بێت.

هەدەپە ئەو تۆمەتە ڕەتدەکاتەوە و حکومەت تۆمەتبار دەکات بەوەی کە پارتەکەی کردووەتە ئامانج بەهۆی دژایەتی توندی ئەردۆغان.

هەزاران لایەنگر و دەیان بەرپرسی ئێستا و پێشووی لە ئێستادا بە تۆمەتی زۆر مشتومڕاوی لە زیندانەکاندان کە پەیوەندییەکانی تورکیایان لەگەڵ هاوپەیمانە پێشەنگەکانی ڕۆژئاوا تێکداوە.

محەمەد ڕووشتوو تریاکی، جێگری هاوسەرۆکی هەدەپە لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا وتی ئەم بڕیارەی دادگا هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە، بەڵکو بڕیارێکی سیاسییە کە لە لایەن پارتی ئاکەپە و مەهەپەوە سەپێندراوە بە ئامانجی ڕێگەگرتن لە هەدەپە لەوەی بەشداری بکات لە هەڵبژاردنەکان کە 6 مانگی ماوە ئەنجام بدرێت، ئەگەر پێش نەخرێت.

جەختی کردەوە سەرەڕای ئەو بڕیارە هەدەپە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن، هەرچەندە زیان بە توانا دارییەکانی دەگەیەنێت بۆ بەڕێوەبردنی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن.

دەقی وتووێژەکە لەم فایلە دەنگییەدایە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:40 0:00

بەشێک لەزانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە لە ئاژانسی AFP وەرگیراوە.

XS
SM
MD
LG