Accessibility links

گرنگی چارەسەرکردنی کێشەی کورد بۆ بارودۆخی تورکیا


شارەزایانی سیاسی ڕادەگەیەنن لەم ساڵدا بابەتە سەرەکییەکانی تورکیا بابەتی هەڵبژاردن و پرسی کورد دەبێت.

بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی کورد دەڵێت لە تورکیا تا ئەو کاتەی کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، دۆخی تورکیاش چارەسەر نابێت.

ڕەها ڕوهاڤیئۆغڵو ، لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت ئەگەر ئەو پرسە چارەسەر نەکرێت کێشەکانی تورکیا گەورەتر دەبنەوە.

ئەو گوتی " بەپێی لێکۆڵینەوەکانمان 80% خەڵکی دەیانەوێت پرۆسەیەکی نوێ بۆ ئاشتی بەردەوام دەستپێبکەن. تا کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، مەحاڵە کێشەکانی دیکە لە تورکیا چارەسەر بکرێن."

ڕوهاڤیئۆغڵو کێشەکانی تورکیای لە چوار خاڵدا دەخاتە ڕوو کە ئەوانەش بریتین لە کێشەی ئابووری، بەرزبوونەوەی هەڵاوسان، تێکچوونی یاسا و لەناوچوونی دیموکراسی.

بەڵام ئەو کێشەی کورد وەک بنچینەی هەموو ئەم کێشانە پێناسە کرد و گوتی " بەپێی لێکۆڵینەوەکانمان کێشەی کورد لە ڕیشەی هەموو کێشەکانی تورکیادایە. نزیکەی 300 ملیار دۆلار لەسەر کێشەی کورد تەنها لە چارەسەری ئاسایشدا خەرج کراوە. ئەوەی کە ئێستا ئابووری تورکیا لەم دۆخەدایە، هۆکاری ئەمەش پرسی کوردە."

ڕوهاڤیئۆغڵو باسی لەوەش کرد تورکیا ئێستا دەچێتە ناو کەشی هەڵبژاردنەوە و هەدەپە بۆ هاوپەیمانی گەل بە ستراتیژیترین پارتە " هاوپەیمانی مێزی شەشقۆڵی پێویستی بە دەنگی هەدەپە هەیە، بەڵام نزیک نابێتەوە لە هەدەپە. مێرال ئاکشەنەر ڕاستەوخۆ دژایەتی دەکات. بەڵام هەرچەندە گفتوگۆی توند لەنێوان هەدەپە و ئاکەپەدا هەیە، بەڵام ئاکەپە سەردانی هەدەپەی کرد. دەتوانم بڵێم گەلی تورکیا ئیتر توندوتیژی ناوێت، چارەسەری دەوێت."

هەندێک لە شارەزایان پێیان وایە کە پڕۆسەی چارەسەری لە تورکیا وەک هیوایەک بۆ دیموکراسیکردن بوو.

ئۆزتورک تورکدۆغان, هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (IHD) دەڵێت تورکیا دەرفەتێکی گەورەی بۆ پڕۆسەی چارەسەرکردن هەبوو، بەڵام ئەو هەلەش لەدەستدرا.

تورکدۆغان ڕایدەگەیەنێت، کێشەکانی تورکیا ئاڵۆزتر دەبن، ئەگەر دەست بە پرۆسەی دیکە لەو بارەیەوە نەکرێت "لە ڕووی چارەسەری کێشەی کوردەوە، ئەمڕۆ دەبینین زمانی چارەسەر لابراوە، ئەو زمانەی کە توندوتیژی بەرەوپێش دەبات، هاتۆتە پێشەوە. بەڵام، لە کاتی پرۆسەی چارەسەریدا، تورکیا بە باشی دەڕۆیشت. بەداخەوە ئەمڕۆ تورکیا ناتوانێت داهاتووی خۆی ببینێت. ئەگەر ڕێبازێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە نەبێت، دۆخەکە لەوە خراپتر دەبێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:26 0:00

XS
SM
MD
LG