Accessibility links

کاردانەوەکان بەرامبەر ڕاگرتنی هەژمارە بانکییەکانی پارتی هەدەپە لە تورکیا


دادگای باڵای تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە بڕیاری دا بە بەستنی کاتی هەژماری بانکی پارتی هەدەپە (HDP)، ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە دادگاکە پێداچوونەوە بە دۆسییەی ئەگەر و نەگەری هەڵوەشاندنەوەی ئەو پارتە دەکات کە دەسەڵاتدارانی تورکیا تۆمەتباری دەکەن بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە.

بڕیارەکەی دادگای باڵای تورکیا چەند هەفتەیەک دوای ئەوە دێت کە داواکاری گشتی باڵای تورکیا داوای لە دادگای دەستووری ئەو وڵاتە کرد هەژمارە بانکییانەی هەدەپە کە لە ڕێگای وەزارەتی خەزینەی ئەو وڵاتەوە پارەیان تێدەکرێت، تاکو بە ئەنجام گەیشتنی دۆسییەی هەڵوەشاندنەوە یان هەڵنەوەشاندنەوە ئەو پارتە، بڵۆک بکرێن.

بە گوێرەی هەواڵەکان، وەزارەتی خەزینە هاوکاری دارایی پێشکەش بەو پارتە سیاسییانەی تورکیا دەکات کە لە پەرلمانی ئەو وڵاتەدا نوێنەریان هەیە و بڕیاریش بووە ئەمساڵ هەدەپە بڕی 539 ملیۆن لیرەی تورکی (نزیکەی 29 ملیۆن دۆلار) لەو وەزارەتە وەربگرێت.

هەریەک لە چوار پارتەکەی ناو پەرلەمانی تورکیا یارمەتی دارایی لە دەوڵەت وەردەگرن و ئەو پارەیەش سەرچاوەی سەرەکی حزبەکانی تورکیایە و بانگەشەکانی هەڵبژاردنیش بە بێ ئەو پارەیە، کارێکی ئەستەمە.

جێگری سەرۆکی پارتی داهاتووی تورکیا، سەلچووک ئۆزداگ لەبارەی بڕیارەکەی دادگای باڵای تورکیاوە بە دەنگی ئەمەریکا گوت کە لەگەڵ پارتی هەدەپەدا دەبێت بەو شێوەیە مامەڵە بکرێت کە لەگەڵ هەموو پارتەکانی دیکەدا مامەڵە دەکرێت.

ئۆزداگ گوتیشی "من پێم وانییە کە سزادانی پارتێکی سیاسی کارێکی دروست بێت و ئەگەر کەسێکی تایبەت لەناو پارتی هەدەپەدا تاوانێکی کردبێت، دەبێت ئەو کەسە سزا بدرێت،نەوەک پارتەکە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:47 0:00

جێی ئاماژەیە کە بڕیارەکەی دادگای باڵای تورکیا لە کاتێکدایە کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بڕیارە لە مانگی ٦دا بەڕێوە بچێت و پێشبینی ئەوەش دەکرێت هەڵبژاردنەکان ئاستەنگی گەورە بخاتە بەردەم ڕەجەب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کە لە ساڵی ٢٠١٤وە دەستی بەسەر پۆستی سەرۆکایەتیدا گرتوە و پێش ئەوەش بۆ ماوەی ١١ ساڵ، سەرۆک وەزیرانی تورکیا بووە.

ڕەخنەگرانی سیاسەتەکانی ئەردۆغان بڕیارەکەی دادگای باڵای ئەو وڵاتە سەبارەت بە هەدەپە، بە بڕیارێکی سیاسی ناودێر دەکەن و دەڵێن سەرکوتکردنی پارتە سەرەکییەکان و کەسایەتییە سیاسییەکان بۆ کەمکردنەوەی پشتیوانییەکانیانە پێش دەنگەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ئەو وڵاتە.

مەهمەت عەلی کولات، بەرپرسی دامەزراوەی توێژینەوەی ماک، لەبارەی بەستنی هەژمارەکانی پارتی هەدەپەوە بە دەنگی ئەمەریکای گوتی " پێدەچێت لە ڕۆژانی داهاتوودا دەستووری تورکیا بڕیاری داخستنی هەدەپە بدات" و گوتیشی " پێم وایە بڕیاری داخستنی هەژمارەکانی هەدەپە سەرەتایەکن بۆ داخستنی پارتەکە لە ڕۆژانی داهاتوودا."

شایەنی باسە کە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکەکانی پارتی هەدەپە زیاتر لە پێنج ساڵە لەگەڵ سێ پەرلەمانتاری دیکەی ئەو پارتە و چەند دامەزرێنەری دیاری هەدەپە، بە تاوانی پەیوەندیدار بە تیرۆرەوە تۆمەتبار کراون و لە زینداندان.

گوتەبێژی پارتەکە، ئیبرۆ گونای، دوای بڕیارەکەی دادگا ڕایگەیاند و گوتی "هەوڵەکان بۆ رێگریکردنی هەدەپەیە لە بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنەکانی مانگی شەشدا" و گوتیشی "ئەمە دەستێوردانێکی سیاسییە لە دەسەڵاتی دادوەری تورکیا و جێگای قەبووڵکردن نییە."

دکتۆر وەهاب جۆشکون، مامۆستای زانکۆی دیجلە لە کۆلێژی یاسا لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا لەبارەی داخستنی کاتی هەژمارەکانی هەدەپەوە دەڵێت "بڕیارەکەی دادگای باڵا ڕێکارێکی یاساییە نییە، بەڵکو سزایە".

ئەو مامۆستای یاسایە دەڵێت "دوای کردنەوەی دۆسییەی دژی هەدەپە، دادگا دوو ڕێگای لەبەردەمدا بووە، یەکەم دەستگیرکردنی کەسی تاوانبارە و دووهەمیش بڕینی یارمەتییە داراییەکانی هەدەپەیە کە دادگا ڕێگای دووهەمی هەڵبژرادوە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:07 0:00

لە بارەی داهاتووی پارتی هەدەپە و ئەگەر و نەگەری داخستنی ئەو پارتەوە، دکتۆر وەهاب دەڵێت "بۆ داخستنی پارتەکە، لەکۆی دەنگی ١٥ ئەندامی دادگای دەستوری تورکیا، دەبێت ١٠ دەنگی ئەندامی ئەو دادگایە ئەرینی بێت."

ئەو مامۆستای زانکۆیە دەڵێت لە بڕیاری داخستنی هەژمارە بانکییەکانی هەدەپە، ٦ ئەندامی دادگای دەستوری دژی بڕیارەکە بوون و ئەگەر ئەو شەش کەسە لە دۆسییەی هەڵوەشاندنەوە یان هەڵنەوەشاندنەوەی پارتەکەدا دەنگی نەرینی خۆیان بپارێزن، ئەوا هەدەپە هەڵناوەشێتەوە.

داواکاری گشتی تورکیا، هەدەپە بە پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە تۆمەتبار دەکات و هەدەپەش کە بە پارتی دیموکراتی گەلان ناسراوە، ئەو بانگەشانە ڕەتدەکاتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز، ئەسۆشێتد پرێس، بی بی سی.

XS
SM
MD
LG