Accessibility links

دەستگیرکردنی شەش هاووڵاتی کورد لە مهاباد


ڕێکخراوەکانی کە پشت بە زانیارییەکانی چالاکوانانی نێو ئێران دەبەستن ڕادەگەیەنن ل ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەش هاووڵاتی کورد لە شاری مهاباد لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەسگیرکراون و بۆ شوێنێکی نادیار براون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ نێوی ئەو شەش هاووڵاتییەیان بڵاو کردووەتەوە دەڵێن لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا "سەلاح مووسەوی، ڕەسوڵ بەهمەنی، کەیوان قاسمزادە، جەلال عەلەوی، جەمال عەلەوی و مەسعود شەپهە لە شاری مهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون".

بە پێی زانیارییەکان لە ڕۆژی دووشەممە 16 ی یەکی 2023 کەیوان قاسمزادە، جەلال عەلەوی، جەمال عەلەوی و مەسعود شەپهە بەبێ فەرمانی دادگا لە گوندی کۆسەکۆرێزی سەر بە شاری مهاباد دەستگیرکراون. ڕۆژێک پێش ئەوەش لە شەوی یەکشەممە ڕەسوڵ بەهمەنی خەڵکی گوندی خوڕخوڕە لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە دەستگیرکرابوو و پێشتریش ڕۆژی شەممە سەلاح مووسەوی لە شەقامی مەنبەعی مهاباد دەستگیرکرابوو.

بە پێی دواین ئاماری ئاژانسی هرانا کە پشت بە زانیارییەکانی چالاکوانانی نێو ئێران دەبەستێت، لە میانەی نارەزایەتییەکانی سەرانسەری ئێراندا نزیکەی 19 هەزار کەس لە سەرانسەری ئێراندا دەستگیرکراون.

شەپۆلێکی سەرتاسەری نارەزایی دەربڕین لە ئێراندا لە 16 ی مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو دەستیپێکرد پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی ژینا ئەمینی. ئەم شەپۆلی ناڕەزیی دەربڕینە لە ئێراندا بە "شۆڕشی ژینا" ناسراوە. لەو کاتەوەی ئەو شۆڕشە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە شاری دیواندەرە دەستیپێکرد چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ چەندین جار هۆشداری ئەوەیان داوە کە سەرکوتکردنەکان و بڵاوکردنەوەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچە کوردنشینەکاندا زیاترە.

شلێر باپیری چالاکوان و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە وتووێژێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کۆماری ئیسلامی هەمیشە کوردستانی وەکو مەترسییەک بۆسەر یەکپارچەیی ئێران پێناسە کردووە "بۆیە هەمیشە کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵی داوە کوردستان پەراوێز بخات کە سەرکوتی زیاتری لەسەربێت و بتوانێت دەنگیان کپ بکات. کۆماری ئیسلامی دەزانێت کە ئەو مەشخەڵەی لە کوردستانەوە سەرهەڵدەدات، ئەو یەکدەنگی و خۆپیشاندانانەی کە لەوێ دەکرێن بۆی هەیە وا بکات ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش یەکدەنگ بن لەگەڵ کوردستان و ببێتە ڕاپەرینێک کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بڕوخێنرێن. بۆیە کۆماری ئیسلامی ئێران هەمیشە هەوڵی داوە کورد وەکو یەکێک لە نەتەوە گەوەرەکانی ئێران سەرکوتبات بۆ ئەوەی نەتوانێت ببێت بە سیمبول بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێران."

خاتوو باپیری ئاماژەی بەوەش کرد لەم شەپۆلی ناڕەزایەتیانەی پاش مەرگی ژیاوە زیاتر لە 7 هەزار کورد دەستگیرکراون کە دەکاتە نزیکەی لە %40 ئەو کەسانەی کە لەسەرانەری ئێراندا دەسگیرکراون.

بەشێکی زۆری ئەو کەسانەش کە دەستگیرکراون گوازراونەتەوە بۆ شوێنی نادیار و تەنانەت بنەماڵەکانیشیان نازانن لە کوێن.

XS
SM
MD
LG