Accessibility links

هاووڵاتییەکی ئەڵمانی لە ئێران دەستگیر دەکرێت


ئێران هاووڵاتییەکی ئەڵمانی دەستگیرکردووە، کە گوایە وێنەی دامەزراوە نەوتییەکانی پارێزگای خوزستانی باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکەی گرتووە.

ڕۆژنامەی جامێ جەمی ئێرانی ڕۆژی سێشەممە لە ماڵپەڕەکەیدا بڵاوی کردووتەوە " هاووڵاتییەکی ئەڵمانی دەستگیرکراوە لە کاتێکدا وێنەی دامەزراوە نەوتییەکانی لە ئومیدیە دەگرت".

ئۆمیدیە شارۆچکەیەکی پارێزگای دەوڵەمەند بە نەوتی خوزستانی باشووری ڕۆژئاوای ئێرانە.

ڕۆژنامەکە هیچ وردەکارییەکی لەسەر ناسنامەی پیاوەکە و کاتی دەستگیر کردنەکەی نەداوە.

ئێران لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا دەیان کەسی بیانی و خاوەن دوو هاووڵاتینامەی دەستگیر کردووە، زۆربەی کاتەکانیش تۆمەتی سیخوڕی کردنی خستووەتە پاڵیان ئەمەش لەلایەن پسپۆڕان و گروپە مافپەروەرەکانی دەرەوەی وڵاتەوە بە بێ بنەما لە قەڵەم دەدرێت.

دەستگیرکردنەکانی ئێستاش لە کاتێکدایە کە ماوەی زیاتر لە 4 مانگە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیی تەواوی ئێرانی گرتووەتەوە. ئەم شەپۆلی ناڕەزایەتییانە پاش مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ هاتە ئاراوە، ئەو کچە کوردەی کە بەهۆی گوایە ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ لە تاران دەستگیرکراو پاشان لە کاتی دەستبەسەریدا گیانی لەدەستدا.

دەسەڵاتدارانی ئێرانی وڵاتانی بیانی بە هاندانی خۆپیشاندەران تۆمەتبار دەکەن و هەزاران کەسیان دەستگیر کردووە.

بەپێی ئاماری ئاژانسی فرانس پرێس بە پشتبەستن بە ڕاگەیاندنە فەرمییەکان، دەسەڵاتی دادوەری سزای مەرگی 18 کەسی لە پەیوەندی بە خۆپیشاندانەکانەوە پشتڕاست کردووەتەوە. هەتا ئێسا سزاکە بەسەر چوارلەوانەدا جێبەجێکراوە.

گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن سەدان کەسی تر ئەو تۆمەتی موحارەبە خراوەتە پاڵیان کە یەکێکە لەو تاوانانەی لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا سزای مەرگی لەسەرە.

تاوانی موحارەبە دەچێتە خانەی یەكێک لە گەورەترین تاوانەکانی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی لە یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا. هەر هێرشێکی ناو خۆیی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران دەچێتە خانەی تاوانی موحارەبەوە کە ئەو تاوانەش سزای مەرگی لەسەرە. ئەم سزایە یەکەم جار لەلایەن سادق خەڵخاڵی دادوەری شەرعی داگادگای شۆڕش لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ لەسێدارەدانی دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەکارهات.

لەلایەکی ترەوە ڕۆژی شەممە ئێران ڕایگەیاند عەلیڕەزا ئەکبەری لە سێدارە دراوە، ئەکبەری ڕەگەزنامەی ئێرانی و بەڕیتانیشی هەبووە و پێشتر وەکو جێگری وەزیری بەرگری ئێران کاریکردووە.

زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا ناڕەزایەتییان بەرامبەر ئەم لەسێدارەدانە دەربڕی کە یەکێک لەو وڵاتانە ئەڵمانیا بوو کە وەزارەتی دەرەوە ی وڵاتەکە ڕۆژی دووشەممە باڵیۆزی ئێرانی بانگکرد بۆ ناڕەزایی دەربڕینی بەرامبەر بەم لەسێدارەدانە.

لە ئێستادا دوو هاووڵاتی ئەڵمانی بە ڕەچەلەک ئێرانی لە ئێران لە زینداندان. یەکێکیان جەمشید شارمەد کە بە تۆمەتی تیرۆرسم لەسەر تەقینەوەیەکی ساڵی 2008 لە مزگەوتێکی ئێران، سزای مەرگی بەسەردا سەپێندراوە، ئەوەی تریان چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ نیهاد تەغاڤی بە تۆمەتی ئەندامێتی لە گروپێکی قەدەغەکراودا لە ساڵی 2021 سزای 10 ساڵ زیندانی کردن درا.

بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم هەواڵە لە ئاژانسی فرانس پرێس وەرگیراوە.


XS
SM
MD
LG